ئه‌مریكا جیاواز له عه‌بادی ته‌ماشای داعش ده‌كات
جۆن سولیڤان: نابێت غافڵگیربین و هه‌ڵه‌كانی پێشتر دووباره بكه‌ینه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا وه‌ڵامی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: "هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ی داعش ماوه" له كاتێكدا عه‌بادی گوتبووی: "كۆتایمان به داعش هێناوه".
جۆن سولیڤان، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، به ژماره‌یه‌ك میدیای بیانی رایگه‌یاندووه: "هه‌ر چه‌نده له رووی سه‌ربازییه‌وه داعش شكستیهێناوه، به‌ڵام ھێشتا هه‌ڕه‌شه‌ی داعش نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه".
قسه‌كانی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له كاتێكدایه، سه‌ره‌تای مانگی یه‌كی ئه‌مساڵ، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق گوتبووی: "كۆتایمان به خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش هێناوه، به‌ڵام واتای ئه‌وه نییه رێكخراوه‌كه هیچ كێشه‌یه‌ك درووست ناكات، پاشماوه‌كانیان كێشه‌یه‌كی به‌رده‌وامن".
سولیڤان كه به‌مدوایانه سه‌ردانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ئه‌فغانستانی كرد ده‌ڵێت: "نابێت غافڵگیربین لێیان و هه‌ڵه‌كانی رابردوو دووباره بكه‌ینه‌وه كاتێك له گرنگی گرووپه تیرۆریستییه‌كانمان كه‌مده‌كرده‌وه و هێزه‌كانی ئه‌مریكامان له عێراق كشانده‌وه".
هه‌ر بۆیه هانی حكومه‌تی ئه‌فغانستانیشی داوه تا له رووی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری و سه‌ربازییه‌وه گوشاری زیاتر بخاته سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی تالیبان، بۆ ئه‌وه‌ی بیانهێنته سه‌ر مێزی دانووستان".
له‌وباره‌یه‌وه گوتوویه‌تی: "پێشبینی ده‌كه‌ین، پاكستان پاڵپشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌موو گرووپه تیرۆریستییه‌كان بكات، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان له‌ناو خاكی ئه‌و وڵاته‌دان".