لە نزیك كۆشكی سەرۆكایەتی ئێران تەقەیە
"كەسێك ویستوویەتی بچێتە نێو كۆشكی سەرۆكایەتی"
K24 - ھەولێر
لە نزیك كۆشكی سەرۆكایەتی ئێران، لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە، دەنگی تەقە دەبیسترێت و كەسێك ھەوڵیداوە بچێتە نێو كۆشكی سەرۆكایەتی.
بە گوێرەی ماڵپەڕی تابناكی ئێرانی: "كەسێك بە چەقۆ ھێرشی كردووەتە سەر پاسەوانەكانی كۆشكی سەرۆكایەتی ئێران و ویستوویەتی بچێتە نێو كۆشكەكە، دواتر بە برینداری دەستگیركراوە".
موحسین ھەمەدانی، جێگری پارێزگاری تاران، زانیارییەكانی لەبارەی ئەو رووداوە پشتڕاست كردووە و رایگەیاند: "كەسێك كە چەقۆی بە دەست بووە ویستوویەتی بە دەرگای دووەمی كۆشكی سەرۆكایەتی ئێران بچێتە ژوورەوە، لەلایەن پاسەوانەكان تەقەی لێكراوە".
راشیگەیاندووە: "ئەو كەسە تەمەنی 35 ساڵە و بە برینداری دەستگیركراوە".
تا ئێستا دەزگا ئەمنییەكانی تاران، ھۆكاری رووداوەكەیان ئاشكرا نەكردووە.