بایك: بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە ھەر كوێ بێ توركیا دژایەتی دەكات
"توركیا نایەوێ پرسی كورد چارەسەر بكرێت"
K24 - ھەولێر
جەمیل بایك، ھاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایگەیاند، ئاكەپە بە شێوەیەكی تەكتیكی ھاتە نێو پرۆسەی ئاشتی و مەبەستی تەسفیەكردنی پەكەكە بوو.
لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی پەبلیكۆی ئیسپانی، جەمیل بایك، ھاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە رایگەیاند: "ئەگەر لە ئاگربەستەكان و راگرتنی شەڕ بڕوانین، تێدەگەین كە ئاكەپە سیاسەتێكی پەیڕەوكرد مەبەست لێی تەسفیەكردنی پەكەكە و توركاندنی كورد بوو، بە شێوەیەكی تەكتیكی ھاتە نێو پرۆسەی ئاشتی و بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد ھیچ ھەنگاوێكی نەنا. لەبەر ئەوەی كە خاوەن رێبازی چارەسەری نەبوون، لە ساڵانی 2015 و 2016 شەڕێكی گەورەیان بەرپا كردەوە و چەندین شاری كوردیش وێران كران".
بایك راشیگەیاندووە: "چارەسەری پرسی كورد لە زیھنییەتی دەوڵەتی توركیادا نییە و بۆیەش دوای چەندین دیداری ئیمرالی و ھەنگاوی پەكەكە، پرۆسەی چارەسەرییان ھەڵوەشاندەوە و شەڕیان دەستپێكرد".
جەمیل بایك، دەشڵێت: "نەك تەنیا لە توركیا، بەڵكو لە عێراق و سووریا و ئێرانیش توركیا نایەوێ پرسی كورد چارەسەر بكرێت و بە ھەموو رێگاكان دژایەتی كورد دەكات لە ھەر شوێنێكی جیھان بێت، بۆیەش بینیمان لە كاتی ریفراندۆمی باشووری كوردستان چی روویدا".
ھاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە ئاماژەی بەوەشداوە: "ئەویش تەسفیەكردنی بزووتنەوەی ئازادی خوازی كورد و لەنێوبردنی كوردە".