حەدیسی: بەغدا لە گرێبەستە نەوتییەکانی هەولێر بەرپرسیار نییە

"رووی دارایی و یاساییەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە"

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق لە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان بەرپرسیار نییە.

سەعد حەدیسی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی رایگەیاندووە: "سەرجەم ئەو گرێبەستە نەوتییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەماوەی رابردوو بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی بەغدا ئەنجامیداون لە رووی دارایی و یاساییەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

 ئاماژەی بەوەشداوە: "پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەوپێشەوەچوونی زۆریان بەخۆوە بینیوە، بەڵام چاوەڕوان دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی زیاتر بداتە لیژنە هونەرییەکان بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان ئەنجامبدەن و کۆتایی بە دۆسییە هاوبەشەکانی نێوانیان بهێنن".