عه‌بادی داواكارییه‌كی حه‌شدی شه‌عبی ره‌ت ده‌كاته‌وه
عه‌بادی: هێشتا عێراق پێویستی به هاوكاری هێزه ئاسمانییه‌كانی هاوپه‌یمانان هه‌یه
K24- هه‌ولێر:
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له گوتاری هه‌فتانه‌یدا بۆ رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق پلانێكی تایبه‌تی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی سه‌رباز و راویژكاره سه‌ربازییه‌كانی هێزی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش له عێراق به‌شێوه‌یه‌كی پله‌دار هه‌یه.
عه‌بادی جه‌ختیشی كرده‌وه، به‌له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی هه‌نووكه‌یی، هێشتا عێراق پێویستی به هه‌وڵی هێزه ئاسمانییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه و، ناكرێت ئه‌و هێزانه به‌یه‌كجار له‌عێراق بكشێنه‌وه.
ئه‌م قسانه‌ی عه‌بادی له‌لایه‌ك ئاماژه‌یه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی كه هێشتا مه‌ترسی داعش له‌عێراق بنبڕ نه‌بووه و هه‌ره‌شه‌ی بۆ سه‌ر ئه‌منی وڵات ماوه، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌كرێت وه‌ڵامێك بێت بۆ داواكاریه‌كه‌ی هه‌ریه‌ك له حزبوڵڵای عێراق و گروپی نوجه‌بای سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی، كه داوای كشانه‌وه‌ی یه‌كجاری هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كانیان له عێراق كردووه.
ئه‌مه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌بو وارس ئه‌لموسه‌وی، گوته‌بێژی گروپی نوجه‌بای سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی كه ده‌گوترێت فه‌رمان له سوپای پاسدارانی ئێران وه‌رده‌گرێت، به‌توندی هێرشی كرده سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له عێراق و جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بڕیاریدابێت له عێراق نه‌كشێته‌وه، ئه‌وا به‌هێزی چه‌ك وه‌ده‌ریان ده‌نێین. هه‌وره‌ها داواشی له عه‌بادی كرد، فشار بخاته سه‌ر هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان بۆئه‌وه‌ی له عێراق بكشێنه‌وه و، داواش له به‌رپرسانی ویلایه‌تی یه‌كگرتووه‌كان بكات، چیتر هه‌ر ڕۆژه‌وه لێدوانێك له‌سه‌ر عێراق نه‌ده‌ن، چونكه وه‌ك ئه‌لموسه‌وی ئاماژه‌ی پێكرد، به‌مدواییانه به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا به‌شێوه‌یه‌ك لێدوانه‌كانیان له‌سه‌ر عێراق چڕ كردۆته‌وه، وه‌ك بڵێن بووه‌ته ویلایه‌تێكی ئه‌مه‌ریكی.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ر ئه‌مڕو جه‌عفه‌ر حوسه‌ینی، گوته‌بێژ به‌ناوی میلیشیاكانی حزبوڵڵای عێراقی كه یه‌كێكن له گرووپه‌كانی ناو حه‌شدی شه‌عبی و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن، هه‌ڕه‌شه له ھێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق كرد و گوتی: "له هه‌ر ساتێك‌دا ده‌ست به رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكادا و هیچ پێویست به بوونیان له عێراق نییه و ده‌بێت بڕۆن، جا چ راهێنه‌ربن یان راوێژكار پێویسته له وڵات بچنه ده‌ره‌وه".
هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی ئه‌و گرووپه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، دوای چه‌ند كاتژمێرێك بوو له هه‌واڵی كشانه‌وه‌ی به‌شێك له ھێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق.
به‌ڵام جه‌عفه‌ر حوسه‌ینی، گوته‌بێژ به‌ناوی میلیشیای حزبوڵڵای عێراق ده‌ڵێت: "مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق داگیركارییه و له هه‌ر ساتێك‌دا رووبه‌ڕووی ئه‌مریكییه‌كان ده‌بینه‌وه".
گوته‌بێژی ئه‌و گرووپه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 6/2/2018 لێدوانی بۆ میدیاكانی عێراق داوه‌و گوتوویه‌تی: "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی عێراق پێكهاتووه و هێزه‌كانی ئه‌مریكا له خۆیانه‌وه هاتوونه‌ته عێراق".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، هیچ بڕیارێكی حكومه‌تی عێراق نییه باسی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له وڵات بكات و ئه‌مریكییه‌كان حكومه‌تیشیان ئیحراج كردووه، چونكه عێراقییه‌كان پێویستیان به ئه‌مریكا نییه، جا به‌ناوی راهێنه‌ر یان راوێژكار یان هه‌ر ناوێكی دیكه بێت. عێراق به‌بوونی ئه‌مریكییه‌كان سه‌قامگیر نابێت و ئه‌وانیش له‌سه‌ر داواكاری حكومه‌تی عێراق نه‌هاتوون".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "چه‌كی چه‌كداره‌كانمان ئێستا له ته‌قه‌كردن وه‌ستاوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له هه‌ر ساتێك‌دا دژی ئه‌مریكییه‌كان بكه‌ونه‌وه ته‌قه‌كردن، ئه‌مجاره هیچ نێوه‌ندگیرییه‌كیش به‌كه‌ڵكی ئه‌مریكییه‌كان نایه‌ت و وه‌ك پێشوو نییه".
حوسه‌ینی ده‌ڵێت: "ئه‌مریكییه‌كان به‌ناوی داعشه‌وه هاتنه‌وه تاوه‌كو پاساو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دوای كشانه‌وه‌كه‌یان بدۆزنه‌وه، ئه‌و ئامێرانه‌ی په‌یوه‌ندیكردنیش كه له شاری تكریت كه‌وتوونه‌ته ده‌ستمان، لای هیچ كه‌سێك نییه ته‌نها ئه‌مریكییه‌كان نه‌بێت".