"داعش خۆی بۆ هێرشی فراوان ئاماده ده‌كاته‌وه"
پێده‌چێت ئه‌بو به‌كر به‌غدادی له‌و ناوچانه‌دا خۆی شاردبێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی تایمزی بریتانی له راپۆرتێكدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، چه‌كدارانی داعش ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ی ئێستا كه عێراق و سووریای تیدایه ده‌قۆزێته‌وه، تا بۆ جاری دووه‌م به‌فراوانی په‌لاماری عێراق و سووریا بداته‌وه.
رۆژنامه بریتانییه‌كه نوسیوویه‌تی "ئه‌و ناكۆكی و ململانێ تائیفیه‌ی هه‌یه، ده‌بێته ده‌رفه‌تی هه‌ستانه‌وه‌ی داعش و ریزه‌كانی خۆی رێكده‌خاته‌وه‌و جارێكی دیكه هێرش ده‌كاته‌وه سه‌ر عێراق و سووریا.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، له مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردووه‌وه تا ئێستا، داعش رۆژانه هێرشی ئه‌نجامداوه‌و له ناوچه‌كانی باكووری رۆژئاوای سووریا رووبه‌ڕووی ھێزه‌كانی رژێمی ئه‌سه‌د بوونه‌ته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌وناوچانه ده‌ركرابوون.
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه جارێكی دیكه چه‌كدارانی داعش له پارێزگای حه‌ما، به‌تایبه‌تی له كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوو دهركهوتوونهتهوهو به‌خێرایی كۆنترۆڵی چه‌ندین پێگه‌ی هێزه ئۆپۆزیسۆنه‌كانی دیكه‌یان كردووه و ته‌نانه‌ت رووبه‌رێكی خاكیان له سنووری حه‌له‌ب خستووه‌ته‌وه ژێر كۆنترۆڵی خۆیان.
ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كانی داعش له عێراق، تایمز نوسیوویه‌تی "به پشتبه‌ستن به‌و زانیارییانه‌ی كه گرووپه‌كانی چاودێری له سه‌رانسه‌ری عێراق كۆیانكردووه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی تێدایه كه چه‌كداره نه‌ناسراوه‌كان 440 هێرش و كرده‌ی توندوتیژیان ئه‌نجامداوه، ته‌قینه‌وه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه و تیرۆری تاكه‌كه‌سی و رفاندن له ناوچه جۆراوجۆره‌كان به‌شێكی ئه‌و ھێرشانه بوون".
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه، ئه‌و 440 هێرشه له‌ماوه‌ی 104 رۆژدا ئه‌نجامدراوون و دواین كردهوهشیان رۆژی هه‌ینی رابردوو بووه".
به‌گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه بریتانییه‌كه، پیده‌چێت داعش ئاماده‌ییه‌كی به‌هێزی له پاریزگای دیاله و مووسڵ و ئه‌نبار هه‌بێت و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش زۆره كه ئه‌بو به‌كر به‌غدادی رێبه‌ریان هێشتا له‌و ناوچانه‌دا خۆی حه‌شاردابێت.