لیژنه‌یه‌ك سه‌رپه‌رشتی بڕیاری لێبوردنی گشتی ده‌كات

دەركەوتووە كە ھەندێك لە گیراوان ئازاد دەكرێن

K24 - ھەولێر

دوای پەسەند كردنی یاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن پەرلەمانی كوردستان، لیژنەیەكی تایبەت بۆ وردبینی فایلی سزادراون لە ھەرێمی كوردستان و گرتووخانەكانی چاكسازی كۆمەڵایەتی پێكھاتووە كە رۆژانە سەرقاڵی خوێندنەوە و وردبینین، بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی لێبوردنی گشتی دەیانگرێتەوە بە زووترین كات ئازاد بكرێن، یان خود گۆڕانكاری لە سزاكانیان بكرێت، سەرۆكی لیژنەی وردبینی له‌ فایلی زیندانیان بۆ‌ كوردستان24 ئاشكرای دەكات، بەشێك لە سزادراوان بێگومان ئازاد دەكرێن و كاری ئەوان 8 مانگ دەخایەنێت و متمانەی تەواو بە سزادروان دەدات.

جەمیل محەمەد ئەمین، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ بە كوردستان24 گوت: "كاری لیژنەكەمان وردبینیكردنە لە دۆسییەی زیندانییەكان و ماددەكان شی دەكەینەوە، بۆ ئەوەی بزانین كام زیندانی لێبوردنی گشتی دەیگرێتەوە".

بەپێی بڕیارەكەی پەرلەمان یاسا پەسەند كراوەكەی لێبوردن ئەو تاوانانه‌ ناگرێتەوە كە كاریگەرییان لە سەر ئاسایشی گشتی ھەیە، یان ئەوانه‌ی بە تاوانی كوشتنی ژنان و مامۆستایان ئایینی و رۆژنامەنوسان سزادراون، لیژنەی وردبینی باسی گلەیی و سكاڵای ھاووڵاتیان دەكات و دەڵێن یاساكە شیكردنەوەی وردی بۆ دەكرێت و بە تایبەت ئەو كەسانەی كە ئاشتەواییان كردووە و بڕیارەكە دەیانگرێتەوە ئازاد دەكرێن.

دادوەر ئەحمەد جەرجیس، سەرۆكی لیژنەی لێبوردنی گشتی دەڵێت: "ئەگەر زانیمان لە دۆسییەی ئەو گیراوانە ھەر یەكەیاژن ئاشتەوایی تێدابێت، رێژەیی 100% بۆ دیار دەكەین، بۆ ئازادكردنی، بە مەرجێك یاسا بیانگرێتەوە، ئەگەر ئاشتەوایی تێدا نەبوو رێژەیەكمان ھەیە بۆیان دیار دەكەین".

ھەر پەیوەست بەو باسە، ھێمن نانەكەلی، بەڕێوبەری  چاكسازی گەورانی ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "لەو 333 بڕیارە، 139 كەس 100% وەرگرتووە، مانای ئەو كەسانە بێگومان ئازاد دەكرێن".

لێژنەی لێبوردنی گشتی لە ماوەی 8 مانگ پێویستە خوێندنه‌وه‌ی كۆتایی لە سەر ھەموو ئەو سزادراوانە بكەن كە یاساكە دەیانگرێتەوە، ئەوان دڵنیایی بەو سزادراوانه‌ش دەدەن كە یاساكە دەیانگرێتەوە متمانەیان بە لێژنەكە ھەبێت و ئەو سزادراوانه‌شی ده‌توانن له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا ئاشته‌وایی بكه‌ن، ئه‌وه‌ ده‌رفه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی یاسای لێبوردن بیانگرێته‌وه‌.

Fly Erbil Advertisment