8 كاتژمێر قسه‌یكرد و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن گوێی به داواكه‌ی نه‌دا
سه‌ركرده‌ی دیموكراته‌كان به 77 ساڵ ته‌مه‌نه‌وه ژماره‌ی پێوانه‌یی له قسه‌كردن تۆماركرد
K24 - هه‌ولێر:
نانسی پیلۆسی، سه‌ركرده‌ی دیموكراته‌كان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا، ماوه‌ی 8 كاتژمێر و 7 خوله‌ك قسه‌یكرد و به‌و هۆیه‌شه‌وه ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆماركرد و ئه‌و هه‌موو كا‌ته‌یش داوای چاكسازی له پرۆگرامی كۆچ و پارێزگاریكردن له‌و گه‌نجانه كرد كه به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی له ئه‌مریكا داده‌نیشن.
پیلۆسی كاتژمێر 10:04 خوله‌كی سه‌رله‌به‌یانی ده‌ستی به قسه‌كردن كرد، به‌ڵام كاتژمێر 18:11 خوله‌كی ئێواره له قسه‌كردن وه‌ستا، له‌و ماوه‌یه‌شدا بێ پچڕان قسه‌یكردو جگه له‌وه‌ی چه‌ند جارێك ئاوی خوارده‌وه له شوێنی خۆی نه‌جووڵا.
مێژوونووسه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت: پێشتر هیچ ئه‌ندامێكی كۆنگرێسی ئه‌مریكا هێنده‌ی پیلۆسی قسه‌ی نه‌كردووه، ته‌نها یه‌ك كه‌سی دیكه له ساڵی 1909، ماوه‌ی 5 كاتژمێر و 15 خوله‌ك قسه‌ی كردووه.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی پیلۆسی سه‌ركرده‌ی كه‌مینه‌یه‌كه، ئه‌نجوومه‌نه‌كه رێگه‌ی پێداوه چه‌ندی بوێت و چه‌ند بتوانێت، ده‌كرێت قسه بكات و هه‌موو ئه‌ندامێك ئه‌و مافه‌ی نییه، به‌پێچه‌وانه‌ی به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی كۆنگرێس كه ئه‌نجوومه‌نی پیرانه، له‌وێ هه‌ر ئه‌ندامێك ده‌توانێت چه‌ندی بیه‌وێت قسه بكات ئه‌گه‌ر زیاتر له 24 كاتژمیریش بێت.
به‌ڵام ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پیران به پێڵاوی وه‌رزشییه‌وه ده‌توانن به پێوه راوه‌ستن و قسه بكه‌ن، كه‌چی پیلۆسی كه ته‌مه‌نی 77 ساڵانه پێڵاوی پاژنه به‌رزی له پێدا بووه.
كۆچه‌ره‌كانی ئه‌مریكا له دڵه‌ڕاوكێدا ده‌ژین و ترس یه‌خه‌یان به‌رنادات، پێویسته كۆمارییه‌كان ئه‌و ته‌م و هه‌وره بڕه‌وێننه‌وه.
پیلۆسی ماوه‌ی 6 سه‌عات قسه‌ی كرد و گووتی: "نیازم نییه كۆتایی به قسه‌كردن بهێنم"، هه‌ر بۆیه ئه‌و ماوه‌یه‌كی زیاتر نامه و سكاڵای ئه‌و كۆچه‌رانه‌ی خوێنده‌وه كه به‌شێوه‌ی نایاسایی هاتوونه‌ته ئه‌مریكا و ده‌ژین و چاوه‌ڕوانن كۆنگرێس ئاوێك به ئاگره‌كه‌یاندا بكات و به یاسایه‌ك كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكات.

پیلۆسی نوێنه‌ری ویلایه‌تی كالیفۆرنیایه و به‌هۆی نه‌بوونی هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ باشكردنی گوزه‌ران و ژیانی ئه‌و سه‌دان هه‌زار گه‌نجه‌ی به‌گوێره‌ی پرۆگرامی (داكا) ده‌پارێزران و دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا هه‌ڵیوه‌شانده‌وه ناڕه‌زایی ده‌ربڕی.
پیلۆسی ده‌یویست پۆل راین سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه پابه‌ندبێت و پرسی كۆچ بخاته خشته‌ی كاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌وه، به‌ڵام دوای 8 كاتژمێر و 7 خوله‌ك قسه‌كردن، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن گوێی به داواكارییه‌كه‌ی نه‌دا، به‌ڵام هاورێ دیموكراته‌كانی به پێوه راوه‌ستان و سڵاویان لێ ده‌كرد.