هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی: میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی بۆیان نییه پێمان بڵێن له‌عێراق بكشێنه‌وه
رایان دیلۆن: ئێمه قوربانی زۆرمان له شه‌ڕی داعش داوه و تا دوایین شانه‌ی تیرۆر له عێراق و سووریا ده‌مێنینه‌وه
K24- هه‌ولێر:
رایان دیلۆن، وته‌بێژی هێزی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش له عێراق جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌ركی ئێمه دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی داعشه له ناوچه‌كه و هه‌روه‌ها هاوكاریكردنی هێزه عێراقییه‌كانه بۆ پاراستنی ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی كه له شه‌ڕی دژی تیرۆر به‌ده‌ستهاتوون.
دیلۆن له لێدوانێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی دیجله‌ی عێراقی دووپاتیكرده‌وه: هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و هێزه عێراقییه‌كانیش قوربانی زۆریان له شه‌ڕی دژ به داعش داوه و، تائێستاش له‌سه‌ر مه‌شقپێكردنی هێزه عێراقییه‌كان و پێكاندنی پێگه‌كانی داعش له‌سه‌ر سنووری نێوان عێراق و سووریا به‌رده‌وامین و، پێشتریش هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌مان رۆڵی به‌رچاوی له له‌ناوبردنی گروپه‌كه‌ی به‌غدادیدا هه‌بووه، هه‌موو سه‌ركرده‌كانی مه‌یدانیش ئه‌وه ده‌زانن، كه ئێمه له سه‌رجه‌م شاره‌كانی ئه‌و وڵاته هاوكارییه‌كی زۆری هێزه عێراقییه‌كانمان كردووه.
دیلۆن گوتی، ئێمه له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عێراق ماوینه‌ته‌وه و رێگه‌ش به‌و گروپانه ناده‌ین، كه ناویان له‌خۆ ناوه حه‌شدی شه‌عبی، بۆئه‌وه‌ی فشارمان بخه‌نه سه‌ر تاوه‌كو له عێراق بكشێینه‌وه، چونكه هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پلان و به‌رنامه‌ی خۆی بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له عێراق هه‌یه و، هێشتا ئه‌ركه‌كه‌مان له رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی تیرۆر ته‌واو نه‌بووه و تا دوایین شانه‌ی داعش له سووریا و عێراق ده‌مێنینه‌وه.
دیلۆن جه‌ختیشی كرده‌وه، له‌كاتی خۆیدا بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانمان و دیاریكردنی ئه‌و ژماره راوێژكاره سه‌ربازییه‌ی كه بڕیاره بۆ مه‌شقپێكردنی هێزه عێراقییه‌كان بمێننه‌وه، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گفتوگۆ ده‌كه‌ین، هێزه‌كانمان به‌یه‌كجاری له عێراق ناكشێنینه‌وه و پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی پله‌دار بێت، چونكه وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، هێشتا دۆخه‌كه هه‌ستیاره و هه‌ره‌شه‌ی تیرۆر له‌ئارادایه، به‌ڵام سه‌ربازه‌كانمان زیاد له‌پێویست ناهێڵینه‌وه.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه حه‌شدی شه‌عبی فشاره‌كانی بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریكا چڕ كردۆته‌وه، بۆئه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌عێراق بكشێنێته‌وه، به‌ر له دوو رۆژیش هه‌ریه‌ك له گروپه‌كانی عه‌سائیب ئه‌هلول حه‌ق، نوجه‌با، حزبوڵڵای عێراق و رێكخراوی به‌دری سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتگیری ده‌كرێن، هه‌ره‌شه‌یان له هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان كردبوو و رایانگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه له عێراق نه‌كشێنه‌وه، به‌چه‌ك رووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه. ده‌شگوترێت، ئه‌و هه‌ره‌شانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ژێر فشاره‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران له هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كرێن، بۆئه‌وه‌ی كۆڕهپانهكه چۆڵ بكه‌ن و چاودێری فراوانخوازییه‌كانی هه‌ژموونی ئێران له ناوچه‌كه نه‌كه‌ن.