سه‌رخستنی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی عامری به یاریده‌ده‌رێكی قاسم سوله‌یمانی ده‌سپێردرێ
"ئێران ده‌یه‌وێت ئه‌و پارت و لایه‌نانه‌ی لێیه‌وه نزیكن كۆنترۆڵی په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق بكه‌ن"

K24 - هه‌ولێر:
یه‌كێك له یاریده‌ده‌ره‌كانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی هاوپه‌یمان فه‌تح ده‌كات، كه ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی تێدا كۆبوونه‌ته‌وه‌و كار بۆ دیاریكردنی شێوازی حكومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت پێگه‌ی كاریگه‌ریان له حكومه‌تدا هه‌بێت.
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی Business Insiderـی ئه‌مریكی ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی 9/2/2018 له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه "په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ و دێرین هه‌موو سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی فه‌تح به ئێران، به‌تایبه‌تی به سوپای پاسداران ده‌به‌ستێته‌وه، هادی عامری سه‌رۆكی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ش پێشتر یه‌كێك بووه له ئه‌فسه‌رانی سوپای پاسداران و په‌یوه‌ندییه‌كی مێژووی له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی هه‌یه".
به‌گوێره‌ی راپۆرتی پێگه ئه‌مریكییه‌كه، ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزی ئێران له به‌غدا كه پۆستی یاریده‌ده‌ری فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی هه‌بووه پێش ئه‌وه‌ی وه‌ك باڵیۆز بێته عێراق، له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا كه 12/5/2018 به‌ڕێوه ده‌چێت، رۆڵێكی گرنگ ده‌گێڕێت و سوپای پاسداران به‌هێزێكی زۆره‌وه كار بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌و پارته سیاسیانه‌ی لایه‌نگری ئێرانن، له خولی داهاتوودا كۆنترۆڵی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن".
Business Insider نوسیوویه‌تی "له كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 13/1/2018 كه رێككه‌وتنی سیاسی كرا له نێوان هاوپه‌یمانی نه‌سری حه‌یده‌ر عه‌بادی و هاوپه‌یمانی فه‌تح كه هه‌موو سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی تێدا كۆكراوه‌ته‌وه جگه له عه‌بادی و سه‌در، قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودس خۆی ئاماده بووه".
پێگه ئه‌مریكییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ئێران بۆ سه‌رخستنی ئه‌و فه‌رمانده و سه‌ركردانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی هه‌موو هێزێكی خۆی به‌كارده‌هێنێت. ئیره‌ج مه‌سجدی، سه‌رپه‌رشتیاری پاڵپشتی لۆجیستی و ئه‌ندازه‌یی و پڕچه‌ككردن و سه‌رله‌نوێ ئاماده‌كردنه‌وه‌ی سوپا و پۆلیسی عێراقه و ئیران به‌رده‌وامه له راوێژكاریی بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆی عێراق".