ریزبه‌ندی رووداوه‌كانی دوای كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی ئیسرائیل لێره‌وه بزانه
ئێران بهڵێنیدا ئه‌و راسپارده‌ی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران جێبه‌جێ ده‌كه‌ین كه به‌ر له 20 ساڵ پێداگیری له‌سه‌ر له‌ناوبردنی ئیسرائیل كردبوو
K24- هه‌ولێر:
رۆژێكی پڕ له گرژی و گۆڕانكاری جیاواز له‌نێوان سووریا، ئێران و ئیسرائیل له سووریا به‌ڕێكرا، پێشبینیش ده‌كرێت ئه‌و گرژیانه ببن به سه‌ره‌تایه‌ك بۆ گۆڕینی هاوكێشه سیاسییه‌كان و باڵانسی وڵاته بهههژموونهكان له ناوچه‌كه‌دا. سه‌ره‌تای رووداوه‌كان به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه به بۆردومانكردنی چه‌ند پێگه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیله‌وه له‌ناو خاكی سووریا ده‌ستی پێكرد و، به‌گوێره‌ی خشته‌ی كات زنجیره‌ی رووداوه‌كان به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بوون:
- سوپای ئیسرائیل چاودێری فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی كرد، كه به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه ئاسمانی وڵاته‌كه‌یان به‌زاند.
- فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌پاچی ئیسرائیلی فڕۆكه بێفڕۆكهوانهكهی خسته خواره‌وه و، وه‌ك سوپای ئه‌و وڵاته جه‌خت ده‌كاته‌وه، فڕۆكه‌كه ئێرانی بوو و له سووریا هه‌ڵفڕیوه و ئاسمانی ئیسرائیلی به‌زاندووه.
- وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كیش بۆ به‌زاندنی ئاسمانی ئیسرائیل له‌لایه‌ن ئه‌و فڕۆكه ئێرانییه‌وه، هێزه ئاسمانیه‌كانی ئیسرائیل هێرشان كرده سه‌ر چه‌ند پێگه‌یه‌ك له قووڵایی خاكی سووریا كه به "فڕۆكه‌خانه‌ی تیفۆ ناسراوه" و، به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، فڕۆكه بێفڕۆكهوانهكهی ئێران له‌وێوه هه‌ڵفڕیوه.
- هێزه‌كانی به‌رگری ئاسمانی سووریا رووبه‌ڕووی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل بوونه‌وه و یه‌كێك له فڕۆكه‌كانی ئیسرائیلیان پێكاند.
- زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ی له به‌رزاییه‌كانی جۆلان لێدرا.
- دواتر سوپای ئیسرائیل كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی كه له جۆری "ئێف 16" بوو پشتڕاست كرده‌وه و برینداربوونی دوو فڕۆكهوانهكهشی راگه‌یاند، كه برینی یه‌كێكیان سه‌خته.
- ئیسرائیل په‌نجه‌ی تۆمه‌تی پێشێلكردنی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئێران درێژ كرد.
- دواتر هێزه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل ده‌ستیان به هێرشێكی دیكه‌ی ئاسمانی بۆ ناو خاكی سووریا كرد و، 12 پێگه‌ی كرده ئامانج و 3 پوولی بارگاویكردنی به‌رگری ئاسمانی سووریا و 4 پێگه‌ی هێزه ئێرانییهكانی له نزیك دیمه‌شق بۆردومانكرد.
- له ده‌ستپێكی رووداوه‌كانه‌وه بینیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل راسته‌وخۆ ده‌ستی به مشتومڕی ئه‌منی كرد و، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی گونجاو له‌كاتی پێویستدا سه‌رپشك كردووه.
- ئیسرائیل داوای نێوه‌ندگیری له رووسیا و ئه‌مه‌ریكا كرد، بۆ رێگریكردن له ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری گرژییه‌كان.
- نووسینگه‌ی ناتانیاهۆ فه‌رمانێكی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م وه‌زیرانی وڵاته‌كه‌ی كرد، كه به‌گوێره‌ی ئه‌و فه‌رمانه هیچ وه‌زیرێك بۆی نییه لێدوان له‌سه‌ر رووداوه‌كانی ئه‌مڕۆ بدات.
- سوپای ئیسرائیل جه‌خت ده‌كاته‌وه، ئێران هه‌وڵ ده‌دات دۆخی ئه‌منی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاڵۆز بكات، هه‌وره‌ها كار بۆ ئه‌وه ده‌كات كۆنترۆڵی خۆی به‌سه‌ر ته‌واوی بڕیاره‌كانی سووریادا بسه‌پێنێت.
- له‌به‌رامبه‌ردا حه‌سه‌ن سه‌لامی، جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران گوتی، ئه‌مڕۆ ئیسرائیل له سنووره‌كانیه‌وه گوێبیستی ده‌نگی سه‌ربازانی ئیسلامه و، بهڵێنیدا ئه‌و راسپارده‌ی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران جێبه‌جێ بكه‌ن، كه به‌ر له 20 ساڵ پێداگیری له‌سه‌ر له‌ناوبردنی ئیسرائیل كردبوو.
- لوبنان هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر سووریا شه‌رمه‌زار ده‌كات و هۆشداری له‌باره‌ی پێشێلكردنی وڵاته‌كه‌یه‌وه ده‌دات.
- ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوپه‌یمانانی سووریا ئه‌و هێرشانه‌ی ئیسرائیل به تیرۆریستی وه‌سف ده‌كه‌ن و، لێدوانه‌كانی ئیسرائیل ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه كه فڕۆكه‌ی ئێرانی ئاسمانی ئیسرائیلی به‌زاندبێت.
- به‌هرام قاسمی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیران هه‌واڵی به‌زاندنی سنووری ئیسرائیل له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ئیرانییه‌وه ره‌ت كرده‌وه و، ئه‌و هه‌واڵه‌ی بێبنه‌ما و دوور له راستی له‌قه‌ڵه‌مدا.
- دواتر وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و لێدوانه‌ی قاسمی و هاوپه‌یمانانی سووریا، ئه‌فیخای ئه‌دره‌عی وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی خستنه‌خواره‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكه ئێرانییه‌ی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاوكرده‌وه.
- وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا داوای له سه‌رجه‌م لایه‌نه ناكۆكه‌كان كرد، دان به‌خۆیاندا بگرن و، ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵ ناكه‌ن ژیانی سه‌ربازانی رووسیا له سووریا بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه.
- تۆرمهر بار، جێگری فه‌رمانده‌ی هێزه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل رایگه‌یاند، له‌ساڵی 1982 ـه‌وه تائێستا، هێرشه‌كانی ئه‌مڕۆیان به‌هێزترین و كارامه‌ترین هێرش بوون كه بۆ ناو خاكی سووریا ئه‌نجامیانداوه.
- هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و رووداوانه، حزبوڵڵای لوبنانی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی ئیسرائیلی وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ گۆڕینی هاوكێشه كلاسیكییه‌كان و سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێی ستراتیژی وه‌سف كرد، كه وه‌ك ئه‌و حزبه جه‌خت ده‌كاته‌وه، ئه‌و رووداوه زنگێكه بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت خاك و ئاسمانی سووریا پێشێل بكه‌ن.
له‌ماوه‌ی كه‌متر له 24 كاتژمێردا هه‌موو ئه‌و رووداوانه رۆژه‌ڤی نێوان ئیسرائیل، ئێران و سووریای ته‌نی و به‌گوێره‌ی چاودێرانیش، چاوه‌ڕێ ناكرێت لێره‌وه كۆتاییه‌كه‌ی دیار ببینرێت.