چوار یه‌كی خه‌ڵكی عێراق رۆژانه به كه‌متر له دوو دۆلار ده‌ژین
زیاتر له 17 هه‌زار شوێنی نیشته‌جێبوون له شاری مووسڵ خاپوور بوون یان زیانی زۆریان پێگه‌یشتووه
K24 - هه‌ولێر:
پیته‌ر هۆكینز، نوێنه‌ری رێكخراوی یونسێف له عێراق، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه رایگه‌یاند: "چوار یه‌كی دانیشتوانی عێراق رۆژانه به كه‌متر له دوو دۆلار ده‌ژین و گرنگه كۆنگره‌ی به‌خشه‌ران كه بڕیاره رۆژی دووشه‌ممه 12/2/2018 له وڵاتی كوه‌یت ببه‌سترێت، به‌شدارییه‌كی فراوانی نێوده‌وڵه‌تی تێدا بكرێت و هه‌وڵبدرێت كه‌رتی تایبه‌ت رابكێشرێته سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانه‌وه".
ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ڕه‌نسی له زاری هۆكینز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر هه‌موو به‌شداربووان سه‌رنج بخه‌نه سه‌ر شاری مووسڵ كه دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری عێراقه و ساڵانێك كرابووه پایته‌ختی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش له عێراق و جه‌نگ به‌شێكی زۆری وێرانكردووه، ده‌بێت ئه‌وه‌یان بیر نه‌چێت كه پارێزگاكانی دیكه‌ی وه‌ك ئه‌نبار و دیاله و سه‌ڵاحه‌ددینیش به‌ده‌ست جه‌نگه‌وه ناڵاندوویانه".
عیرفان عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆگرامی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتوان له عێراق ده‌ڵێت: "نیشته‌جێبوون ره‌گه‌زی سه‌ره‌كییه، ئێستا 19% وڵات رووبه‌ڕووی وێرانكاریی بووه‌ته‌وه له‌و كه‌رته‌دا و هێشتا 2.6 ملیۆن كه‌سیش ئاواره‌ن".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی یۆنۆسات كه توێژینه‌وه‌ی مه‌یدانی له رێگه‌ی سه‌ته‌لایته‌وه كردووه، زیاتر له 17 هه‌زار شوێنی نیشته‌جێبوون له شاری مووسڵ خاپوور بووه یان زیانی زۆریان پێگه‌یشتووه".