سوپاى توركيا: له 24 رۆژى شه‌ڕدا 31 سه‌رباز كوژراوون
ته‌نيا له رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوودا 11 سه‌رباز كوژران و دوو هێليكۆپته‌رى سه‌ربازى سوپا تێك‌شكێنران
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكايه‌تى ئه‌ركانى سوپاى توركيا له 24همين رۆژى شه‌ڕدا دانى نا به كوژرانى 31 سه‌رباز و برينداربوونى 143 سه‌ربازى ديكه‌دا.
سه‌رۆكايه‌تى ئه‌ركانى سوپاى توركيا له سايتى ره‌سمى خۆي‌دا له به‌ياننامه‌يه‌كدا رايگه‌ياندووه، "31 سه‌ربازمان كوژراوون و 143 سه‌ربازى ديكه له ده‌ستپێكى شه‌ڕه‌وه بريندار بوون".
له‌و باره‌يه‌وه سايتى روسياليه‌وم بڵاويكردووه‌ته‌وه، له چه‌ند رۆژى رابردوودا سوپاى توركيا بێ ئه‌وه‌ى بتوانێت هيچ ده‌ستكه‌وت و پێشڕه‌وييه‌ك بكات، زيانى گه‌وره‌ى به‌ركه‌وت، به تايبه‌تى ته‌نيا له رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوودا 11 سه‌رباز كوژران و دوو هێليكۆپته‌رى سه‌ربازى سوپا تێك‌شكێنران.
ئه‌م دانپێدانانه‌ى سه‌رۆكايه‌تى ئه‌ركانى سوپاى توركيا دواى ئه‌وه دێت، ئه‌مڕۆ هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده) ئامارى شه‌ڕ و پێكدادان و ژماره‌ى كوژراوانى سوپاى توركياو ميليشيا ئيسلامييه‌كانى هاوپه‌يمانى سوپاى توركياى بڵاوكرده‌وه.
هه‌سه‌ده له راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌يدا ورده‌كارى زيانه‌كانى به‌م جۆره خستووه‌ته‌ڕوو:
يه‌كه‌م: شههيدانى مه‌ده‌نى:
له ئاكامى بۆمبابارانى فڕۆكه و تۆپبارانى تۆپخانهكاندا 180 هاووڵاتى مه‌ده‌نى كه زۆربه‌يان منداڵ و ژن و هاووڵاتى به‌ساڵاچوو بوون گيانيان له‌ده‌ستداوه و ناويان له نه‌خۆشخانه‌كان تۆمار كراوه.
دووه‌م: بريندارانى مه‌ده‌نى:
به گوێره‌ى ئه‌و ئامارانه‌ى له نه‌خۆشخانه‌كان تۆمار كراوون، له ماوه‌ى 24 رۆژى رابردووى شه‌ڕدا 413 منداڵ و ژن و هاووڵاتى به‌ساڵاچوو بريندار بوون.
سێيه‌م: شههيدانى هه‌سه‌ده:
له ماوه‌ى 24 رۆژى شه‌ڕدا 98 شه‌ڕڤان شه‌هيد بوونه و هه‌موويان به رۆژى رووناك و له مه‌راسيمى ره‌سميدا به خاك سپێردراوون.
چواره‌م: كوژران له ريزى دوژمن:
دڵنيابووينه‌ته‌وه له كوژرانى 862 سه‌ربازى سوپاى دوژمن و تيرۆريستانى ناو گرووپه جيهادييهكانى هاوپه‌يمانى سوپاى توركيا و ئه‌و ژماره‌يه له رێى دڵنيابوونه‌وه له ته‌رميان له مه‌يدانى شه‌ڕدا به‌ده‌ستهاتووه.
پێنجه‌م: هێرشى ئاسمانى:
فڕۆكه‌كانى توركيا 668 هێرشى ئاسمانيان ئه‌نجامداوه و ههڕهمهكيانه بۆمبابارانى ناوچه‌كانى دانيشتوانيان كردووه. له‌وه‌شدا ده‌ستيان له سه‌رچاوه‌كانى ئاو و قوتابخانه و كێڵگه‌كانى په‌له‌وه‌ر نه‌پاراستووه.
شه‌شه‌م: هێرشى هێليكۆپته‌ر:
سوپاى په‌لامارده‌ر 16 هێرشى ئاسمانى له رێى هێليكۆپتهرهوه ئه‌نجامداوه و ناوچه‌كانى دانيشتوان و خه‌ڵكى مه‌ده‌نى و ژێرخانى ئابوورى كردووه‌ته ئامانج.
حه‌وته‌م: تۆپباران:
به تۆپى قورس سوپاى توركيا و ميليشياكانى هاوپه‌يمانى 2هه‌زار و 645 جار تۆپبارانى ناوچه‌كانيان كردووه و تانك و تۆپى جۆراوجۆريان به‌كارهێناوه.
هه‌شته‌م: پێكدادانى راسته‌وخۆ:
هێزه‌كانمان 409 جار رووبه‌ڕوو، به‌ره‌نگارى په‌لامارى سوپاى داگيركارى توركيا و گرووپ و ميليشيا جيهادييه‌كان بوونه‌ته‌وه و ئه‌نجامى شه‌ڕه‌كان زانراو بووه. 108 جاريش پێكدادانى راسته‌وخۆ روويداوه، به‌ڵام نه‌توانراوه زيانى دوژمن بزانرێت.
نۆيه‌م: خسته‌خواره‌وه‌ى فڕۆكه:
له ده‌ستپێكى شه‌ڕه‌وه هێزه‌كانمان توانيويانه دوو هێليكۆپته‌رى توركيا يه‌كيان له جۆرى كوبرا و دووه‌ميان له جۆرى سكورسكى تێكبشكێنن. كه دووه‌ميان 11 ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازى تێدا كوژرا.
هه‌روه‌ها فڕۆكه‌يه‌كى چاودێرى جۆرى دروون و يه‌كێكى ديكه‌ى جۆرى بيرهقدار كه ئه‌ردۆغان وێنه‌ى له‌گه‌ڵ گرتبوو، شتى له‌سه‌ر ده‌نووسى خراونه‌ته خواره‌وه.
ده‌يه‌م: تێكشكاندنى زرێپۆش و تانك:
توانراوه 51 تانك و زرێپۆش و گوله‌نه‌بڕ و ئۆتۆمبێلى سه‌ربازى تێكبشكێنرێن و 15 ئامێرى ديكه‌ى سه‌ربازى له‌وانه تانك و زرێپۆش پهكخراوون.