ركابه‌ره‌كه‌ی پوتن: هێزه‌كانی رووسیا له سووریا دهكشێنمهوه
بافێل غرۆدینین: هه‌ڵوێستی جیاواز له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیادا به‌دی ده‌كرێت
K24- هه‌ولێر:
بافێل غرۆدینین، پاڵێوراوی حزبی شیوعی رووسی و ركابه‌ری ڤلادیمێر پۆتن، سه‌رۆكی رووسیا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی وڵاته‌كه‌ی، هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی پرۆسه سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا ئاشكرا ده‌كات و جه‌خت ده‌كاته‌وه، "ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ركه‌وتنم به‌ده‌ستهێنا، هێزه رووسیه‌كانی له سووریا دهكشێنمهوه".
پاڵێوراوی حزبی شیوعی رووسی له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌و باوه‌ڕی به كشاندنه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی هێزه‌كانی رووسیا له سووریا هه‌یه و گوتیشی: "چ پێویسته له‌باره‌ی سووریاوه بكرێت؟ پێویسته كۆتایی به به‌شداریكردن له شه‌ڕدا بهێنین، چونكه ئێمه خه‌ڵكێكی ئاشتیپهرستین".
له به‌رده‌وامی گوتاره‌كه‌یدا رونیكرده‌وه، "من له‌وه تێناگه‌م ئێمه له سووریا چی ده‌كه‌ین و چ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كمان له‌و وڵاته هه‌یه؟ راسته كه پێویسته یارمه‌تی دۆسته‌كانمان بده‌ین، به‌ڵام هه‌ڵوێستی جیاواز له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ماندا به‌دی ده‌كرێت، بۆنموونه ئێمه دهستبهرهداری لیبیا بووین، به‌ڵام له سووریا نهكشاینهوه!".
غرۆدینین ئاشكراشیكرد، كاتێك ئه‌و بوو به سه‌رۆكی رووسیا، ئه‌وا دان به هه‌ریه‌ك له كۆماره‌كانی دۆنیتسك و لوغانسكی میللی‌دا ده‌هێنێت، كه له ساڵی 2014 راگه‌یه‌ندراون.