یەكێتی پرسی كۆنگرە یەكلایی دەكاتەوە

كۆبوونەوەی ھاوبەش ئەنجامدەدرێت

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی بۆ دیارکردنی رۆژی کۆنگرە کۆببنەوە و ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە.

ماڵپەڕی فەرمی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بڵاویكردەوە: "بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەند، بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بۆ یەكلایی كردنەوەی دیاركردنی رۆژی بەستنی كۆنگرە كۆببنەوە".

پێشتر زوبێر عوسمان، جێگری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بە كوردستان24 راگەیاندبوو"لە كۆبوونەوەكانی ماوەی رابردوودا ئەنجوومەنی سەركردایەتی نەیتوانی رۆژی بەستنی كۆنگرە دیاربكات، بۆیە لە كۆبوونەوەی رۆژی 12 ئەم مانگەی ئەنجوومەنی ناوەند، بڕیاردرا كە رۆژی 15 شوبات واتا ئەمڕۆ، كۆبوونەوەی ھابەشی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەند ئەنجامبدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجوومەنی ناوەند سەرجەم ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بانگێشت دەكات".

دوای كۆچی دوایی مام جەلال، سكرتێری گشتی یەكێتی، كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە زیاتر تۆخ بوونەوە، بەرھەم ساڵح، جێگری سكرتێری گشتی و ژمارەیەك لە سەركردە و بەرسانی باڵای یەكێتی بە فەرمی دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان لەو حزبە راگەیاند، لەم ماوەیەشدا مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی چەندین كۆبوونەوە بۆ بەستنی كۆنگرەی 4 ئەنجامداوە، بەڵام باڵەكانی یەكێتی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.