لە مانگێکدا زیاتر لە 2,500 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هەرس و جگەریی سلێمانییان کردووە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماری مانگی ئەیلوولی رابردووی هەردوو نەخۆشخانەی "کۆئەندامی هەرس و جگەر" و "نەشتەرگەریی فێرکاری" بڵاو کردەوە، کە تێیدا زیاتر لە 2,500 نەخۆش لە نەخۆشخانەی هەرس و جگەر بینراون و زیاتر لە 400 نەشتەرگەریی جۆراوجۆریش لە هەردوو نەخۆشخانەکەدا ئەنجام دراون.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە ماوەی مانگی رابردوو (لە 1 بۆ 30ی ئەیلوولی 2026) ، خزمەتگوزاریی پزیشکیی فراوان لە نەخۆشخانەکانی کۆئەندامی هەرس و جگەر و نەشتەرگەریی فێرکاری بە هاوڵاتییان پێشکەش کراوە.

لە نەخۆشخانەی کۆئەندامی هەرس و جگەری فێرکاری، 2,585 نەخۆش سەردانیان کردووە و لەو ژمارەیەش 261 نەخۆش داخڵ کران، هاوکات 58 نەخۆش سەردانیان کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەری هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی.

لە بەشی نەشتەرگەری و پشکنینەکانی هەناوبینیدا:

- 67 نەشتەرگەریی هەرس و جگەر ئەنجام دراون.
- 327 هەناوبینیی گەدە و 209 هەناوبینیی کۆڵۆن کراون.
- 51 رەنگکردنی بۆرییەکانی زراو و پەنکریاس و 27 فراوانکردنی سورێنچک ئەنجام دراون.
- 96 وەرگرتنی نموونە بە سۆنەر، 10 نموونەی جگەر و 15 هێڵکاریی سورێنچک کراون.
-سەبارەت بە پشکنینە گشتییەکانیش، 107 تیشک، 106 سۆنەر و پشکنینی خوێن بۆ 1,080 نەخۆش ئەنجام دراوە.

ئاماری نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی فێرکاری

لە لایەکی دیکەوە، لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی فێرکاری سلێمانی لە هەمان ماوەدا 337 نەشتەرگەریی جۆراوجۆر، 64 هەناوبینیی گەدە، 62 هەناوبینیی کۆڵۆن و 49 شکاندنی بەردی گورچیلە ئەنجام دراون.

پلێنانی نەشتەرگەرییەکان بەم شێوەیە بووە:

- 13 نەشتەرگەریی تایبەت
- 116 نەشتەرگەریی سەروو گەورە
- 49 نەشتەرگەریی گەورە
- 139 نەشتەرگەریی مامناوەند
- 20 نەشتەرگەریی بچووک

هەروەها لە بەشی پشکنین و چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی فێرکاری: 109 سیتی سکان، 168 سۆنەر، 139 هێڵکاریی دڵ، 64 هێڵکاریی میزەڵدان، 174 تیشک و 137 چارەسەری سروشتی ئەنجام دراون، هاوکات 10,789 پشکنینی جۆراوجۆری تاقیگەیی بۆ سەردانیکەران کراوە.