به‌وێنه.. خانه‌قین له مه‌ترسی وشكه‌ساڵی رزگاریبوو
ئێستا 38 ملیۆن مه‌تری سێجا ئاو له ده‌ریاچه‌ی به‌نداوی ئه‌ڵوه‌ند گڵدراوه‌ته‌وه و ئاوی زیاده له‌سه‌ری ده‌ڕژێت
K24- هه‌ولێر:
قایمقامیه‌تی قه‌زای خانه‌قین رایگه‌یاند، به‌هۆی بارانبارینی چه‌ند رۆژی رابردوو، كه سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی گرته‌وه، ده‌ریاچه‌ی به‌نداوی ئه‌ڵوه‌ند پڕ ئاو بووه و، ئێستا ئاوی زیاده له‌سه‌ر به‌نداوه‌كه ده‌ڕژێته ناو چه‌مه‌كه‌وه.

قایمقامیه‌تی خانه‌قین له به‌یاننامه‌یه‌كدا دڵنیاییشی دایه هاووڵاتیانی قه‌زاكه، كه ئیتر مه‌ترسی وشكه‌ساڵی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌یان نه‌ماوه و، ده‌ریاچه‌كه به‌پێوه‌ری خۆی پڕئاو بووه، كه 38 ملیۆن مه‌تری سێجا ئاو له‌خۆ ده‌گرێت.

خانه‌قین یه‌كێك له‌و ناوچه كوردستانیانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانه، كه له رووداوه‌كانی 16 ئوكتۆبه‌ردا به‌ر هێرشه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق كه‌وت و، له هێرشه‌كه‌دا چه‌ندین كرده‌وه‌ی توندوتیژی ده‌رهه‌ق به هاووڵاتیانی كورد له‌و شاره ئه‌نجامدران.