ئەردۆغان داوا دەكات ساڵح موسلیم رادەستی توركیا بكرێت

"ھەوڵەكانی توركیا بۆ رادەستكردنەوەی موسلیم دەستیپێكردووە"

K24 - ھەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا داوا لە وڵاتی چیك دەكات، ساڵح موسلیم ھاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە رادەستی توركیا بكات.

ئەردۆغان لە وتارێكیدا لە شەشەمین كۆنگرەی ئاسایی حزبەكەی لە پارێزگای ئۆرفا رایگەیاند: "هیوادارم چیك ساڵح موسلیم، راده‌ستى ئێمه‌ بكاته‌وه‌. له‌دواى راده‌ستكردنه‌وه‌ى ده‌بیندرێت كه‌ چۆن دادپه‌روه‌رى جێبەجێ دەکرێت".

ھەروەھا وەزارەتی دادی توركیا لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: "ھەوڵەكانمان دەست پێكردووە بۆ رادەستكردنەوەی ساڵح موسلیم بە توركیا".

دوێنێ 25 شوباتی 2018 دەستگیركردنی ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی یه‌كێتی دیموكرات (په‌یه‌ده‌)، له‌ شاری پراگی پایتەختی چیك راگەیەندرا. میدیاكانی پەیەدەش ئاشكرایان كرد كە دەستگیركردنی موسلیم لەلایەن پۆلیسی چیك لەسەر داوای توركیا بووە.

له‌ تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2016 یادداشتی ده‌ستگیركردنی بۆ ساڵح موسلیم و 47 به‌رپرسی دیكه‌ی دیاری په‌یه‌ده‌، ده‌ركردووه‌.

دوای دەستگیركردنی ساڵح موسلیم، لە راگەیەندراوێكدا پارتی یه‌كێتی دیموكرات (په‌یه‌ده‌) دەستگیركردنی موسلیمی بە نایاسایی دایە قەڵەم و داوای لە وڵاتی چیك كرد ساڵح موسلیم، ئازاد بكات كە ھیچ پاساوێكی یاسایی بۆ دەستگیركردنی نییە.

پێشتر میدیاكانی نزیك لە پەیەدە رایانگەیاندبوو، كە ساڵح موسلیم، بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسێك چووەتە وڵاتی چیك و لەلایەن دەزگای ھەواڵگری میتی توركیا چاودێری كراوە و دواتر پۆلیسی چیك دەستگیری كردووە.

H.M