پەرلەمانی كوردستان چاكسازی خانەنشینی و میلاكات تاوتوێ دەكات

شاندێكی حكوومەت بەشداری لە كۆبوونەوەكە دەكات

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پڕۆژە یاسای چاكسازی خانەنشینی و میلاكات درێژە بە دانیشتنەكانی دەدات و شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا دەكات.

گۆران شاخەوان، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمرۆ پەرلەمانی كوردستان درێژە بە دانیشتنەكەی 22 ئەم مانگە دەدات كە تایبەتە بە خوێندنەوەی پڕۆژە یاسای چاكسازی خانەنشینی و میلاكات".

 گوتیشی: "لە دانیشتنەكەی پێشتر شەش ماددە پەسەند كرابوون و بڕیارە لە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ درێژە بە خوێندنەوە و پەسەندكردنی ماددەكانی دیكەی پڕۆژەیاسای چاكسازی خانەنشینی و میلاكات بدرێت".

پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەشدا: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان شاندێكی حكوومەتی ھەرێم بەشداری دەكات و گفتۆگۆش لەبارەی میلاكاتی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ دەكرێت".

روونیكردەوە: "یەكەی ژمێریاری ھێزی پێشمەرگە بە یەكەكانی حەفتا و ھەشتاشەوە ھەڵدەوەشێندرێتەوە و رێكدەخرێتەوە، ھەروەھا پاسەوانی بەرپرسان دەخرێنە سەر یەكەی پاسەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ و بەگوێرەی پڕۆژە یاساكە، نابێ پاسەوانی تایبەت لەسەر میلاكی ھیچ وەزارەتێكی دیكە ھەبێت جگە لە وەزارەتی ناوخۆ".

ئەمە لەكاتێكدایە لە كۆتایی ھەفتەی رابردوودا دوو رۆژ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازی خانەنشینی و میلاكات بەردەوام بوو، شەش ماددە لە پڕۆژەكە پەسندكران".

H.M