11 گەنجی دیکە لە لیبیاوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان

لەسەر راسپاردەی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 11 گەنجی دیکەی دەڤەری راپەڕین لە وڵاتی لیبیا گیریان خواردبوو، بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان و رادەستی کەسوکاریان کرانەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەک لە گەنجانی دەڤەری راپەڕین لە ماوەی رابردوودا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی راسپارد کە بەپەلە رێکاری پێویست بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە بە سەلامەتی بگرنەبەر.

دوای ئەوەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر 33 گەنج دۆزرانەوە و گەڕێندرانەوە، زانیاری لەسەر گیرۆدەبوونی 14 گەنجی دیکە لەو وڵاتە بەدەست گەیشت؛ دەستبەجێ بەدواداچوونی ورد دەستی پێکرد و توانرا لە چەند رۆژی رابردوودا سێ لەو گەنجانە بگەڕێندرێنەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینیش 11 گەنجەکەی دیکە بە سەلامەتی گەیشتنەوە خاکی هەرێمی کوردستان.

لە فڕۆکەخانە، عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری و کارمەندانی ناوەند لە پێشوازیی کۆچبەراندا بوون، دوای ئەنجامدانی پشکنین و چارەسەری پزیشکی لەلایەن تیمە تەندروستییەکانی فڕۆکەخانەوە، تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ سەرجەم گەنجەکانیان بە سەلامەتی رادەستی خێزانەکانیان کردەوە.

لە ئێستادا هەوڵە چڕەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سۆراخ و دۆزینەوەی 10 گەنجی دیکەی دەڤەری راپەڕین بەردەوامە.

بەهۆی ئەو هەنگاو و رێکارە گرنگانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا بۆ سنووردارکردن و رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی گرتیەبەر، لە چەند مانگی رابردوودا رێژەی کۆچی نایاسایی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و حکومەتیش جەخت لە بەردەوامیی هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان دەکاتەوە.