حەسەکە.. خۆپێشاندانی گەنجانی کورد برینداربوونی چەند کەسێکی لێکەوتەوە

شەوی رابردوو دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، گەنجانی کورد وەک وەڵامدانەوەیەک رژانە سەر شەقامەکان و لە ئەنجامی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکانیشدا، ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، خۆپێشاندانی شەوانەی گەنجانی کورد وەک پەرچەکردارێک بووە بەرامبەر بە خۆپێشاندانی دانیشتووانی گەڕەکی "غوێران". هاوکات کاتێک خۆپێشاندەران بەرەو کۆشکی دادوەریی شارەکە بەڕێکەوتوون، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ رێگرییان لێکردوون و بە مەبەستی بڵاوەپێکردنیان تەقەی هەواییان کردووە، لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوونە.

سەرچاوەی ئاڵۆزییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رۆژی پێشتر، لە مەیدانی ئاشتی لە ناوەندی شاری حەسەکە، رێوڕەسمێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای سووریا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شارەکەوە رێکخرابوو.

لە میانی مەراسیمەکەدا، ژمارەیەک کەس پەلاماری تابلۆی مەیدانەکەیان دابوو (کە بە چەند زمانێک ناوی مەیدانەکەی لەسەر نووسرابوو) و تێکیاندابوو، هاوکات کامێراکانی چاودێریی دەوروبەری شوێنەکەیان شکاندبوو و هێرشیان کردبووە سەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان و زانیاریی سەرچاوە ناوخۆییەکان، بەشێک لەو کەسانە درووشمی دژ بە کوردیان گوتووەتەوە، ئەمەش تووڕەیی و ناڕەزایەتیی شەقامی کوردیی لە شارەکە لێکەوتەوە و دۆخەکەی بەرەو گرژی برد.