بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانەكانی كوردستان درێژكرایەوە

كوردستان24 زانیاری بڵاودەكاتەوە

K24 - ھەولێر

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردستان24 راگەیاند: "بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراق تا كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ درێژكرایەوە".

سەرچاوەكە روونیكردەوە: "حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئابڵۆقەی ئاسمانی سەر ھەرێمی كوردستانی تا 31/5/2018 درێژكردووەتەوە".

ھاوكات تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، بڕیاری درێژكردنەوەی داخستنی فڕۆكەخانەكانی كوردستانی لەلایەن بەغدا بۆ كوردستان24 پشتڕاست كردەوە و گوتی: "بڕیاری قەدەخەكردنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لە فڕۆكەخانەكانی كوردستان بۆ سێ مانگی دیكە درێژكراوەتەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە ھەفتەی رابردوو ژمارەیەكی زۆر لە خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان و توشبووان بە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی ھەرێمی كوردستان لە ھەولێر خۆپێشاندانێكیان رێكخستو، ئەوەیان خستەڕوو، كە بەھۆی كەمبوونەوەی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەكان ژیانیان كەوتووەتە مەترسی و داوایان كرد فشار بخرێتەسەر عەبادی بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی كوردستان.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، حكوومەتی عێراق بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستانی داخست.

ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی لە 25 ئەیلوولی ساڵی 2017 ئەنجامدرا و زیاتر لە 92% ھاووڵاتیانی باشووری كوردستان بە بەڵێ دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە عێراق و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانەوە، حەشدی شەعبی بە بڕیاری حكوومەتی عێراق ھێرشی سەربازی كردە سەر كوردستان. كەركووك و زۆربەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی لە 16 ئۆكتۆبەری 2017، بە ھاوكاری گرووپێكی نێو لایەنێكی سیاسی كوردستان داگیركرد.

H.M