"2019 جه‌نگێكی فراوان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڵده‌گیرسێ"
گۆڤارێكی ئه‌مریكی: كه هیچ ئاسۆیه‌كی چاره‌سه‌ری نییه به‌ڵكو ئێستا به كرده‌یی به‌ریه‌ككه‌وتنی زیاتر رووده‌دات

K24 - هه‌ولێر:
گۆڤاری "The National Interest"ـی ئه‌مریكی پێشبینی ده‌كات، ئه‌گه‌ر بێت‌و تاران هه‌ژموونی خۆی له سووریا دژی ئیسرائیل به‌كاربهێنێت، ساڵی 2019 شه‌ڕ له نێوان ئێران و ئیسرائیل هه‌ڵبگیرسێت.
گۆڤاره ئه‌مریكییه‌كه له‌وباره‌یه‌وه رۆژی 25/2/2018 راپۆرتێكی له‌سه‌ر ململانێ راستهوخۆكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بڵاوكردووه‌ته‌وه كه هیچ ئاسۆیه‌كی چاره‌سه‌ری نییه به‌ڵكو ئێستا به كرده‌یی به‌ریه‌ككه‌وتنی زیاتر رووده‌دات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی ئێران له ئاسمانی ئیسرائیل و خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه F -16 كه‌ی ئیسرائیل له ئاسمانی سووریا و هه‌موو ئه‌و بۆردوومان و بۆمبابارانانهی دیكه‌ی پێش ئه‌و رووداوانه و دواتر كراون، به‌شێكن له سیناریۆی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ر دوو وڵاته‌كه.
گۆڤاره‌كه مه‌ترسییه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی ململانێكی بۆ به‌رپابوونی جه‌نگێكی فراوان خستووه‌ته‌ڕوو و نوسیوویه‌تی "ئه‌گه‌ری زۆره ئه‌و جه‌نگه رووبدات، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئێران پاش شكستی داعش، به‌رده‌وام بێت له پاڵپشتی و خۆقایمكردنی له سووریا، هه‌ڕه‌شه‌كانی بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیلیش بۆ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له رۆژی 18/2/2018 زۆر جددی بوو كاتێك گووتی: "هه‌وڵ مه‌ده‌ن توانا و ئیراده‌ی ئیسرائیل تاقیبكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌ی گه‌یاندووه كه ئیسرائیل جددییه له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێران، ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ستیكرد به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كه‌وتوونه‌ته مه‌ترسییه‌وه".
ناشیۆنال ئیسنترێست نوسیوویه‌تی "له‌م دواییانه‌دا گرژییه‌كانی نێوان ته‌لئه‌ڤیڤ و تاران زیادیان كردووه و له‌وانه‌یه له ساڵانی داهاتوودا شه‌ڕی نێوانیان زۆر گه‌رمتر ببێت".