توركيا ره‌خنه‌ى "توند" له فه‌ره‌نسا و ئه‌مريكا ده‌گرێت
بڕيارى ئاگربه‌ستى نێوده‌وڵه‌تى تايبه‌ت به سووريا، له عه‌فرينيش كارى پێبكرێت
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركيا له به‌ياننامه‌يه‌كدا، ره‌خنه‌ى "توندى" له ئه‌مريكا و فه‌ره‌نسا كرد، به هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌و دوو وڵاته داوايانكردبوو، "بڕيارى ئاگربه‌ستى نێوده‌وڵه‌تى تايبه‌ت به سووريا، له عه‌فرينيش كارى پێبكرێت".
ئه‌مڕۆ، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركيا له به‌ياننامه‌يه‌كدا، حكومه‌تى فه‌ره‌نساى به "درۆكردن" سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكى په‌يوه‌ندييه ته‌له‌فۆنييه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان و ماكرۆن تۆمه‌تبار كرد.
له به‌ياننامه‌كه‌ى توركيادا هاتووه، "له ميانى په‌يوه‌ندييه ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا، ماكرۆن هيچ قسه‌يه‌كى له باره‌ى عه‌فرينه‌وه نه‌كردووه و به پێويستى زانيوه رژێمى ئه‌سه‌د پابه‌ندى بڕيارى ئگربه‌ست بێت".
هه‌روه‌ها هاتووه: "وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، ده‌سه‌ڵاتدارانى فه‌ره‌نساى له‌وه ئاگادار كردووه‌ته‌وه، كه به‌ياننامه‌ى سه‌رۆكايه‌تييان سه‌باره‌ت به په‌يوه‌ندييه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان و ماكرۆن، هيچ راستييه‌كى تێدا نييه و هه‌ڵه‌ى تێدايه و هه‌وڵى چه‌واشه‌كردنى رايگشتييان داوه".
پێشتر سه‌رۆكايه‌تى كۆمارى فه‌ره‌نسا، رايگه‌ياندبوو، ئيمانوێل ماكرۆن، له په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، رايگه‌ياند، "پێويسته ئاگربه‌ست له ته‌واوى خاكى سووريادا كارى پێبكرێت".
به گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوى سه‌رۆكايه‌تى كۆمارى فه‌ره‌نسا، "له‌و په‌يوه‌ندييه ته‌له‌فۆنييه‌دا، ماكرۆن داواى له ئه‌ردۆغان كردووه، رێزى بڕيارى ئاگربه‌ست بگرێت".
هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه، سه‌رچاوه‌يه‌ك له سه‌رۆكايه‌تى توركيا، رايگه‌ياند، "ئه‌ردۆغان، له په‌يوه‌ندييه ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا ره‌وشى عه‌فرينى بۆ ماكرۆن روونكردووه‌ته‌وه. باسى له‌وه كردووه، توركيا ده‌يه‌وێت ئاواره‌كانى سووريا بگوازێته‌وه و له عه‌فرين نيشته‌جێيان بكات".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، به‌ياننامه‌كه‌ى ئه‌نقه‌ره، ره‌خنه‌ى له ئه‌مريكا گرتووه و رايگه‌ياندووه، "هێزه‌ر نوێرت، ده‌ڵێت: ديپلۆماسييه‌تى ئه‌مريكا كار بۆ ئه‌وه ده‌كات بڕياره‌كه‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان له باره‌ى ئاگربه‌ستى سووريا جێبه‌جێ بكرێت، ته‌نيا داعش و قاعيده نه‌گرێته‌وه".
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركيا گوتيشى: "لێدوانه‌كانى واشنتن هيچ پاساوێكيان نييه و توركيا سووره له‌سه‌ر به‌رده‌واميدان به هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر عه‌فرين به به‌شدارى سوپاى ئازادى سووريا".
جگه له‌م به‌ياننامه‌يه، هه‌ر ئه‌مڕۆ حامى ئاكسۆى، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، گوتى: "لێدوانى هێزه‌ر نوێرت، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا له باره‌ى عه‌فرينه‌وه، هه‌وڵدانه بۆ شێواندنى بڕيارى ئاگربه‌ستى نێوده‌وڵه‌تى تايبه‌ت به سووريا".
له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانيدا، هێزه‌ر نوێرت رايگه‌ياندبوو، "پێويسته توركيا به‌و په‌ڕى وردييه‌وه، جارێكيديكه بڕيارى ئاگربه‌ستى نێوده‌وڵه‌تى له باره‌ى سوورياوه بخوێنێته‌وه".
ئاكسۆى گوتى: "لێدوانه‌كانى نوێرت هيچ بنه‌مايه‌كيان نييه. به‌ڵگه‌شه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وان نايانه‌وێت له په‌يامى بڕياره‌كه بگه‌ن و ده‌يانه‌وێت بيشێوێنن. بڕياره‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايش به ئامانجى پاراستنى مه‌ده‌نييه‌كان ده‌ركراوه".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا، به‌كر بۆزداغ، ره‌تيكردبوويه‌وه "توركيا پابه‌ندى بڕيارى ئاگربه‌ستى نێوده‌وڵه‌تى له سووريا بێت و رايگه‌ياندبوو، توركيا به‌رده‌وام ده‌بێت له هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر عه‌فرين".
ئه‌م داوايه‌ى فه‌ره‌نسا و ئه‌مريكا دواى ئه‌وه هات، كه نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان بڕيارى راگه‌ياندنى ئاگربه‌ستى له سووريا ده‌ر‌كرد.
ئامانجى سه‌ره‌كى بڕياره‌كه، راگرتنى سه‌رجه‌م ئۆپراسيۆنه سه‌ربازييه‌كان بوو له سووريا، به‌ڵام توركيا ره‌تيده‌كاته‌وه پابه‌ندى بڕياره‌كه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بێت و به‌رده‌وامه له هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر عه‌فرين، كه له 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى رابردووه‌وه ده‌ستى پێكردووه.
ئ.ڕ