رێگه‌نادرێت مووسڵاوییه‌كان بچنه به‌غدا
به‌غدا بۆ مووسڵییه‌كان قه‌ده‌غه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "القدس العربی" راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، هاووڵاتییانی مووسڵ، دووچاری مامه‌ڵه‌ی نه‌شیاو ده‌بنه‌وه كاتێك ده‌چنه به‌غدا و به بازگه ئه‌منییه‌كانی تێپه‌ڕ ده‌بن.
به گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌كه، هاووڵاتیانی مووسڵ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له سه‌ربازانی بازگه‌كانه‌وه، له رێگه‌یاندا بۆ چوونه ناو به‌غدا، دووچاری سووكایه‌تی ده‌بنه‌وه و هه‌ندێكجاریش رێگه‌نادرێت بچنه ناو پایته‌ختی وڵاته‌كه‌یان.
رۆژنامه‌كه له زاری ژنێكه‌وه، به‌ناوی "ئوم ره‌شا" بڵاوكردووه‌ته‌وه، له كاتی چوونی بۆ به‌غدا بۆ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشكی، له یه‌كێك له بازگه‌كانی ده‌روازه‌ی به‌غدا، رێگه‌یان نه‌داوه بچێته ناوشاره‌كه، به بیانووی ئه‌وه‌ی راپۆرتی پزیشكی پێ نییه بیسه‌لمێنێت كه ئه‌و ژنه نه‌خۆشه.
ئوم ره‌شا بۆ رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كه ده‌ڵێت: "ناچاربووم به‌و سه‌رمایه له‌و چۆڵه‌وانییه بمێنمه‌وه و به‌یانییه‌كه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه مووسڵ".
به گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ش، ئوم ره‌شا، پێویستی به چاودێری پزیشكی تایبه‌ت هه‌یه و به هۆی بارودۆخی ئێستاى مووسڵیش، پزیشكان ره‌وانه‌ی به‌غدایان كردووه، به‌ڵام رێگه‌ی پێنه‌دراوه بچێته پایته‌خت.
پیاوێكی دیكه‌ی خه‌ڵكی مووسڵ، به‌ناوی "ئه‌بو یاسر" باس له‌وه ده‌كات، خه‌ڵكی مووسڵ وه‌ك ئه‌وه وایه له زیندانییه‌كی گه‌وره‌دابن، یان له ژێر مانه‌وه‌ی ناچاریدا بن، به‌هۆی ئه‌و كۆتوبه‌ندانه‌ی خراونه‌ته سه‌ر جموجۆڵیان له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی شاره‌كه‌وه.
وێڕای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق، شاره‌كه‌ی له ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی داعش هێنایه ده‌ره‌وه و ماوه‌ی شه‌ش مانگه له ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدایه، به‌ڵام ئه‌و رێكاره ئه‌منییه‌ی خراوه‌ته سه‌ر جووڵه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی، وایكردووه وا هه‌ست بكه‌ن هاووڵاتی پله دووی ئه‌و وڵاته‌ن و تۆمه‌تبار ده‌كرێن به‌وه‌ی تیرۆریستیانییان په‌ناداوه.
به گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی بۆ رۆژنامه‌كه قسه‌ی كردووه، داوا له نوێنه‌رانی شاره‌كه ده‌كات له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، په‌له بكه‌ن و گوشار بخه‌نه سه‌ر حكوومه‌تی عێراق، بۆ كۆتاییهینان به‌و ره‌وشه ناله‌باره‌ی تێیكه‌وتووه، له سه‌پاندنی سزا و قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆ به ئاره‌زووی خۆیان.
عه‌بدولحه‌كیم، هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی مووسڵه و ده‌ڵێت: "به مه‌به‌ستی راییكردنی هه‌ندێك مامه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به خانه‌نشینی خۆم چوومه به‌غدا، له‌وێ له ده‌روازه‌ی عه‌بایجی پێیان گوتم، تۆ خه‌ڵكی مووسڵی و رێگه‌ت پێناده‌ین بچییه به‌غدا".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "داوام لێ‌كردن له‌به‌ر چی رێگه‌م ناده‌ن هۆكاره‌كه‌ی چییه، گوتیان ئێوه تیرۆریستن".
به گوێره‌ی راپۆرته‌كه، ئه‌و هاووڵاتییه ناچاربووه بگه‌ڕێته‌وه و كاره‌كه‌ی ته‌واو نه‌كات، هاووڵاتییه‌كه داواش ده‌كات، پێویسته ئه‌و قه‌یرانه له نێوان مووسڵ و به‌غدا كۆتایی بێت و چیدیكه به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی مووسڵ نه‌كرێت، چونكه ئێستا وه‌ك تیرۆریست مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و وه‌ك هاووڵاتی پله دوو سه‌یر ده‌كرێن.
عه‌لا محه‌مه‌د، كه ئه‌فسه‌ری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقه و ئاگاداری چۆنیه‌تی كاركردنی خاڵه‌كانی پشكنینه ده‌ڵێت: "زۆربه‌ی هۆكاره‌كانی رێگه‌نه‌دان به خه‌ڵكی مووسڵ بۆ چوونه ناو به‌غدا، هۆكاری ئه‌منین".
ئه‌و ئه‌فسه‌ره روونیشی ده‌كاته‌وه، زۆرێك له تیرۆریستان دوای ئازادكردنی مووسڵ، به‌ڵگه‌نامه‌كانییان ساخته‌كردووه, بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه نه‌ناسرێنه‌وه.
ئه‌فسه‌ره‌كه دووپاتیده‌كاته‌وه، رێگه به‌وانه ده‌درێت كه راپۆرتی پزیشكیان هه‌یه، یاخود كه‌سانی به ته‌مه‌نن كه مامه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندیدار به خزمه‌ت و خانه‌نشینی و وه‌زیفه‌كه‌یان هه‌یه، به‌ڵام جگه له‌وانه رێگه به كه‌سی دیكه نادرێت.
به گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌كه، هێزه ئه‌منییه‌كان له به‌رپرسانی باڵاوه فه‌رمان وه‌رده‌گرن و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، خاڵه ئه‌منییه‌كانی ده‌روازه‌كانی به‌غدا, له هێزی هاوبه‌شی وه‌زاره‌تی به‌رگری، ئاسایشی نیشتمانی و حه‌شدی شه‌عبی پێكدێن، هه‌ر یه‌كێك بیه‌وێت بچێته پایته‌خت پێویسته ره‌زامه‌ندی هه‌ر سێ هێزه‌كه وه‌ربگرێت و ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كێك له‌و هێزانه‌ش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نه‌بێت، رێگه به‌و كه‌سه نادرێت بچێته ناو به‌غدا.
ا. م