ئه‌ندامێكى ليژنه‌ى دارايى: عه‌بادى سووره‌ له‌سه‌ر جێگيركردنى رێژى %12ى بودجه‌ بۆ كورد

كوتله‌ سياسييه‌كان و حكومه‌ت پرسى پشكى هه‌رێمى كوردستانيان له‌ بودجه‌ى ئيتيحادى بڕاندووه‌ته‌وه

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران له‌ ليژنه‌ى دارايى، جه‌بار عه‌بادى، ئه‌مڕۆ هه‌ينى رايگه‌ياند، سه‌رۆك وه‌زيران، حه‌يده‌ر عه‌بادى، سووره‌ له‌سه‌ر جێگيركردنى رێژه‌ى %12.68 وه‌ك پشكى كورد له‌ بودجه‌ى گشتى عێراقدا.

ئه‌و نوێنه‌ره‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵى ئاسياى هه‌واڵى گوتيشى: "كوتله‌ سياسييه‌كان و حكومه‌ت پرسى پشكى هه‌رێمى كوردستانيان له‌ بودجه‌ى ئيتيحادى بڕاندووه‌ته‌وه‌ و ئه‌و رێژه‌يه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان يه‌كلا كراوه‌ته‌وه‌".

ئه‌م لێدوانه‌ دواى ئه‌وه‌ دێت، دوێنێ سه‌رۆك كۆمارى عێراق، فوئاد مه‌عسوم، له‌گه‌ڵ هه‌ريه‌ك له‌ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران، سه‌ليم جبوورى و سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى كۆبوويه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنى ئه‌و پرسه‌.

هاوكات، دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 1ى ئازار/ مارسى 2018، كوتله‌ كوردييه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران بايكۆتى دانيشتنى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌يان كرد، وه‌ك ناڕه‌زايه‌تى ده‌ربڕين له‌ دژى به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرتنى پێشنياز و داواكارييه‌كانى كورد له‌ پرۆژه‌ ياساى بودجه‌ى ئيتيحادى.

بڕياره‌ سبه‌ى شه‌ممه‌ 3ى ئازار/ مارسى 2018، ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران بۆ ته‌واوكردنى گفتوگۆكانى له‌ باره‌ى پرۆژه‌ ياساى بودجه‌ى ئيتيحادى كۆببێته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ، 12 مادده‌ى پرۆژه‌ ياساكه‌ كه‌ زۆربه‌يان په‌يوه‌ست بوون به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، به‌ راى زۆرينه‌ و نه‌يارێتى كورد په‌سند كران.

ئ.ر