پەرلەمانی ئەوروپا: نابێت چیتر ئیخوان موسلیمین پارەدار بکرێت
پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد و داوا لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا دەکات، هەژموونی کۆمەڵەی "ئیخوان موسلیمین" سنووردار بکەن و کەسایەتی و رێکخراوەکانی سەر بەو بزووتنەوەیە بخەنە لیستی تیرۆرەوە.
پڕۆژەبڕیارەکە بە دەنگی 381 پەرلەمانتار لە بەرامبەر 167 دەنگی دژ پەسەند کرا، تێیدا داوا لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا کراوە زانیاریی پێویست پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ سەرکردەکان و پێکهاتەی بزووتنەوەی ئیخوان موسلیمین بکرێت تاوەکو لەسەر ئاستی یەکێتییەکە وەک گرووپێکی تیرۆریستی پۆلێن بکرێن.
لە بڕیارنامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، پێویستە ئەم بەدواداچوونە تەنیا سنووردار نەبێت بە رێکخراوە فەرمییەکان، بەڵکو ئەو رێکخراوە پەردەپۆشکراوانە تۆڕە داراییەکان، کۆمەڵە گەنجانەکان و پلاتفۆڕمە ئایدۆلۆژییانەش بگرێتەوە کە پەیوەندییان بە ئیخوان موسلیمینەوە هەیە.
هاوکات داوا لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا کراوە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر ئەنجام بدات بۆ هەر حاڵەتێک کە تێیدا هاوکاری و پارەی یەکێتیی ئەوروپا بە ناڕاستەوخۆ درابێتە ئەو لایەنانەی نزیکن لەو بزووتنەوەیەوە.
پەرلەمانی ئەوروپا "نیگەرانیی قووڵی خۆی لەو ستراتیژانە" دەربڕیوە کە ئیخوان موسلیمین بۆ بڵاوکردنەوەی هەژموونی خۆی بەکاریان دەهێنێت و ئاماژەی بەوە کردووە "ئیخوان پرۆژەیەکی سیاسییە کە بنەما ئایینییەکان دەخاتە پێش یاسای مەدەنی، ئەمەش بە تەواوی دژ بە پرەنسیپە دیموکراسییەکان، سەروەریی یاسا و یەکسانیی نێوان هاووڵاتییانە."
ساڵانێکە لە ئەوروپا هۆشداری دەدرێت لەوەی چالاکییەکانی ئەو بزووتنەوەیە هەڕەشە لەسەر پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و بەها دیموکراسییەکان دروست دەکات، هاوکات چاودێران گومانیان لە بانگەشەکانی بزووتنەوەکە هەبووە سەبارەت بە دەستبەرداربوون لە توندوتیژی.
ئیخوان موسلیمین لە چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە ئیمارات، سعوودیە و میسر لە لیستی تیرۆردایە و قەدەغە کراوە، هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش چەندین لقی ئەو بزووتنەوەیەی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، لەسەر ئاستی ئەوروپاش پێشتر پەرلەمانی فەرەنسا داوای کردبوو یەکێتییەکە بە فەرمی هەنگاوی لەو شێوەیە بنێت.
سێلین ئیمارت، پەرلەمانتار لە پەرلەمانی ئەوروپا گوتی "نابێت ئیسلام وەک ئایین و باوەڕ، لەگەڵ ئیسلامی سیاسی وەک ئایدۆلۆژیا تێکەڵ بکرێت ئێمە دەبێت هەم دیموکراسی و هەم ئازادیی ئایینی بپارێزین، پێویستە ئەنجوومەنی ئەوروپاش بەپێی یاساکان، سەرکردە و رێکخراوەکانی سەر بە ئیخوان موسلیمین بخاتە لیستی تیرۆرەوە."