پێكھاتەكانی كەركووك رێككەوتن

ھەڵبژاردنی پارێزگاكان لە كەركووك بەڕێوەدەچێت

K24 - بەغدا

پێکهاتەکانی کەرکووك لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا رێککەوتن.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ نوێنەرانی کورد و عەرەب و تورکمان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك رێککەوتوون، کە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووکیش ئەنجام بدرێت".

بەپێی ئەو یاساییەی لەسەری رێككەوتوون، كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان و وەزارەتە پەیوەنددارەكان وردبینی پێش ھەڵبژاردن وردبینی لە تۆماری دەنگدەران بكەن.

ئەگەر نەتوانرا پێش ھەڵبژاردن وردبینی بكرێت دەبێ لە ماوەی شەش مانگ دوای دەستبەكاربوونی ئەنجوومەنی ھەڵبژێردراو بكرێت.

جگە لەو پۆستانەی كە تایبەتن بە دەسەڵاتی حكوومەتی ئیتحادی، شێوازێك بۆ بۆ دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی شارەكە دیاریكراوە كە نوێنەرایەتی ھەموو پێكاتەكان لەخۆ بگرێت.

دەرئەنجامی ھەڵبژاردن نابێتە ھۆی گرتنەبەری ھیچ رێوشوێنێكی یاسایی و ئیداری پەیوەست بە ئایندەی شارەكە.

دیاركردنی كورسییەك بۆ پێكاتەی مەسیحی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك.

بڕگەكانی ئەم یاساییە تەنھا بۆ یەك خوول كاری پێدەكرێت كە ماوەكەی چوارساڵە.

بڕیارە رۆژی 22/12/2018 ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەبچێت.

ئەمە لەكاتێكدایە بەھۆی بارودۆخی شارەكە، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق، تەنھا یەك جار ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووك ئەنجامدراوە ئەویش لە ساڵی 2005 بوو.

شاری كەركووك لە 16 ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 لەلایەن حەشدی شەعبیەوە داگیركراوە، بەگوتەی بەشێك لە ھاووڵاتیانی شارەكە باری ئەمنی كەركووك لە دۆخێكی خراپدایە و كەركووك بە حوكمی سەربازی بەڕێوەدەبرێت، پێشتریش ژمارەیەك پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان داوای ئاسایی كردنەوەی رەوشی شارەكە دەكەن.

H.M