ئێڤار ئیبراھیم: بەدواداچوونی جدی بۆ چارەنووسی ژنانی شنگال و خورماتوو دەكەین
لیژنەی ئافرەتانی پەرلەمانی كوردستان و كونسوڵخانەكان كۆدەبنەوە
K24 - ھەولێر
لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان لە رێگەی كونسوڵخانەكان بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ژنانی شنگال و خورماتوو دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەك بەرێوەدەچێت.
ئێڤار ئیبراھیم، سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەتان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك لیژنەی ژنان بەدواداچوونی جدیمان بۆ ژنانی بێسەروشوێنی ئێزدی كردووە، بەداخەوە دوای رزگاركردنی مووسڵ تائێستا نزیكەی 3 ھەزار ژن و منداڵی ئێزدی بێسەروشوێنن، بۆیە دەمانەوێت لە رێگەی كونسوڵخانەكان لە ھەرێمی كوردستان داوا لە حكوومەتی عێراق بكەین، كە سۆراغی كچ و ژنانی ئێزدی بكەن و بزانین ئەوان لەكوێن".
گوتیشی: "ھەر لەو كۆبوونەوەیەماندا لەگەڵ كونسوڵخانەكان، گفتوگۆ لەبارەی ئاوارەكانی خورماتوو دەكەین، بەتایبەتی ئەو ژنانەی كە لە خورماتوو دەستدرێژیان كراوەتەسەر، دەمانەوێت ئاگاداری بارودۆخیان بین، بۆ ئەم مەبەستە راپۆرتێكمان ئامادەكردووە و لەگەڵ كونسوڵخانەكان تاوتوێی دەكەین".