ئێران بە توندی رووبەڕووی ژنانی بێ حیجاب دەبێتەوە
ھێزە ئەمنییەكان راسپێردراون
K24 - ھەولێر
داواكاری گشتی تاران رایدەگەیەنێت، بە توندی رووبەڕووی ئەو ژنانە دەبنەوە كە لە حیجاب كردن سەرپێچی دەكەن.
ماوەیەكە كچان و ژنانی ئێران دژی حیجابی زۆرە ملێ، وەك ناڕەزایەتی لە شوێنە گشتییەكان لەچكەكانیان بە دارێكەوە بەرزدەكەنەوە، داوا دەكەن ژنان ئازادبن لە سەرپۆشین، بە گوێرەی ئاژانسی ئیسنا، داواكاری گشتی تاران ھۆشداری داوە كە ھێزە ئەمنییەكان و یاسا بە توندی دژی ئەو ژنانە بووەستنەوە كە سەبارەت بە حیجاب ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوای لە پۆلیس كرووەد رووبەروویان ببنەوە.
بە گوێرەی ئەو ئاژانسە، ھێزە ئەمنییەكانی ئێران تا ئێستا زیاتر لە 40 ئافرەتیان بەھۆی لابردنی لەچكەكانیان دەستگیر كردووە و ژمارەیەكیان ھێشتا لە زیندانن.
ماوەیەكە ژمارەیەك لە ژنانی ئێران كەمپینێكیان بەناوی (ژنانی شەقامی ئینقیلاب) راگەیاندووە و دژی سەرپۆشی زۆرەملێ لە وڵاتەكەیاندا چالاكی ئەنجامدەدەن و لەچكەكانیان بەدارەوە ھەڵدەواسن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
لە ساڵی 1979 سەرپۆشی (حیجاب) بەپێی دەستووری ئەوكاتی ئێران بەسەر ژنان سەپێندرا و تائێستاش بەردەوامە، چەندین جار ژنانی ئێران ناڕەزایەتیان دژی ئەو یاساییەی وڵاتەكەیان دەربڕیووە. بەپێی مادەی 638 یاسایی سزادانی ئیسلامی ھەر كەسێك بەبێ حیجاب لە شوێنە گشتییەكان ببینرێت، دوو مانگ بەند دەكرێت،و ھاوكات 74 جەردیشی لێدەدرێت.
ھ.م