ده ملیار یۆرۆ له پاره‌ی بلۆككراوی موعه‌ممه‌ر قه‌زافی له به‌لژیكا دیارنه‌ماوه
"حیسابه بانقییه‌كان له‌ژێر كۆنترۆڵی ته‌واوی كه‌سه نزیكه‌كانی قه‌زافی بوو"
K24- هه‌ولێر:
میدیاكانی به‌لژیكا ئاشكرایانكرد، 10 ملیار یۆرۆ له‌و پارانه‌ی موعه‌ممه‌ر قه‌زافی، سه‌رۆكی كوژراوی لیبیا دیارنه‌ماوه، كه له ساڵی 2011 به بڕیارێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له بانقه‌كانی به‌لژیكا بلۆك كراوه.
رۆژنامه‌ی "Le Vif"ی هه‌فتانه‌ی به‌لژیكی بڵاویكرده‌وه، ئه‌و پاره‌یه كه له‌سه‌ر 4 حیسابی جیاواز له بانقی " Euroclear Bank" دانرابوو، له‌ماوه‌ی نێوان ساڵانی 2013 و 2017 دیارنه‌ماوه.
كه‌ناڵی "لالیبێر به‌لژیك"یش بڵاویكرده‌وه، حیسابه بانقییه‌كان له‌ژێر كۆنترۆڵی ته‌واوی كه‌سانی نزیك له قه‌زافی بوون، راشیگه‌یاند، چه‌ند ده‌سته‌یه‌كی دادوه‌ری به‌لژیكی له پایزی ساڵی 2017 تێبینی كه‌مبوونه‌وه‌ی حیسابه‌كه‌یان كردبوو، كاتێك هه‌وڵیان ده‌دا ئه‌و حیسابانه بخه‌نه لیستی سپیكردنه‌وه‌ی دراو و، ئه‌وكات توانییان له‌كۆی 15 ملیار یۆرۆی بلۆككراو، ته‌نیا 5 ملیار یۆرۆ بدۆزنه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی دادوه‌ریش له به‌لژیكا دووپاتیانكرده‌وه، ئه‌وان هیچ بڕیارێكیان بۆ هه‌ڵگرتنی "بلۆك" له‌سه‌ر ئه‌و حیسابه بانقیانه ده‌رنه‌كردووه.
H.B