واشنتن: له‌ باره‌ى بودجه‌وه‌ ناوه‌ندگيرى هه‌ولێر و به‌غدا ناكه‌ين

ئه‌و پرسه‌ى به‌ "بابه‌تێكى ناوخۆيى" ناوبرد

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا ره‌تيكرده‌وه‌، له‌ نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى به‌غدا ناوه‌ندگيرى له‌ باره‌ى ناكۆكييه‌كانى تايبه‌ت به‌ بودجه‌ى ئيتحادى بكه‌ن و ئه‌و پرسه‌ى به‌ "بابه‌تێكى ناوخۆيى" ناوبرد.

رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو، ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق پرۆژه‌ ياساى بودجه‌ى ئيتحادى عێراقى بۆ ئه‌مساڵ په‌سند كرد و به‌ گوێره‌ى پرۆژه‌كه‌ نرخى نه‌وت به‌ 46 دۆلار خه‌مڵێندراوه‌ و كۆى گشتى بودجه‌كه‌ش 88 مليار دۆلاره‌.

نوێنه‌رانى لايه‌نه‌ سياسييه‌ كوردييه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بايكۆتى دانيشتنى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌يان له‌ باره‌ى بودجه‌وه‌ كرد و داوايانكرد، پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌كه‌ له‌ سه‌دا 17 بێت.

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا، هێزه‌ر نوێرت، تايبه‌ت به‌ كوردستان24 رايگه‌ياند، هه‌ردوو لايه‌نى به‌غدا و هه‌ولێر هاوبه‌شى ئه‌مريكان و پێويسته‌ كێشه‌ ناوخۆييه‌كانيان به‌ دانووستان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

گوتيشى: "بودجه‌، بابه‌تێكى ناوخۆييه‌. ده‌ستوه‌ردان له‌و پرسه‌ ناكه‌ين. زۆر به‌ روونى پشتيوانيمان بۆ حكومه‌تى عێراق و به‌ تايبه‌تيش كورد ده‌ربڕيوه‌".

حكومه‌تى عێراق بڕياريداوه‌ بۆ ئه‌مساڵ بودجه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ژماره‌ى دانيشتوان دابنێت و به‌و هۆيه‌وه‌ له‌ سه‌دا 12ى بودجه‌كه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان ته‌رخانكراوه‌.

ئ.ر