جموجوڵه‌كانى داعش سوپاى عێراق و حه‌شدى هه‌راسانكردووه‌ و هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تيش زه‌نگى مه‌ترسى لێده‌دات

ئه‌مڕۆ سوپاى عێراق ئۆپراسيۆنێكى له‌ نزيك روومادى ده‌ستپێكرد

K24 – هه‌ولێر:

هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى داعش، رايگه‌ياند، چه‌كدارانى داعش به‌ شێوه‌ى گرووپى بچووك ماونه‌ته‌وه‌ و هێزه‌كانيان له‌ عێراق ده‌مێننه‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌يان. هاوكات ئه‌مڕۆ سوپاى عێراق ئۆپراسيۆنێكى له‌ نزيك روومادى ده‌ستپێكرد و له‌ نزيك ناحيه‌ى زابى سه‌ر به‌ حه‌ويجه‌ش داعش هێرشيكردووه‌ته‌ سه‌ر چه‌كدارانى حه‌شد.

سايته‌ عێراقييه‌كان بڵاويانكرده‌وه‌، چەكدارانی داعش ھێرشییان كردە سه‌ر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە نزیك ناحیەی زابی سەربە قەزای حەویجە.

لە راگەیەندراوێكی میدیای حەشدی شەعبیدا ھاتووە: "چەكدارانی داعش ھێرشێكییان كردووەتە سەر بارەگاكانی لیوای 56ی حەشدی شەعبی  لە نزیك ناحیەی زاب سەر بە قەزای حەویجە و بەرپەرچی ھێرشەكە دراوەتەوە و 9 چەكداری داعشیش كوژراون، كە یەكێكییان خۆكوژبووە".

له‌و ميانه‌يه‌دا، مەعن سەعدی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی دەزگای دژە تیرۆری عێراق، كە ئێستا لە ناو شاری كەركووكن، "ھەڵوەشاندنەوەی 5 شانەی سەربە رێكخراوی داعشی راگەیاند".

دوای داگیركاری 16ی ئۆكتۆبەر، شاری كەركووك و دەورووبەری كراوەتە سەربازگەی میلیشیاكانی سەربە حەشدی شەعبی و ھێزەكانی دیكەی عێراق.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، لە ترسی ھێرشەكانی داعش، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هه‌ينى 9ى ئازار/ مارسى 2018 ھێزە ئەمنییەكانی عێراق، پرۆسەیەكی فراوانی گەڕان و پشكنینییان لە نزیك رومادی دەستپێكرد.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، "دوای زیاتربوونی ھێرش و پەلامارەكانی داعش، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێزە ئەمنییەكانی عێراق، پرۆسەیەكی فراوانی گەڕان و پشكنینییان لە ناوچەكانی جەمعیە، ئەلبوعەلوان و خەمسە كیلۆ لە نزیك رومادی دەستپێكردووه‌".

پێشتریش بەدرێژایی دوو ساڵی رابردوو، ھێزەكانی عێراق چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە ناچەكانی سنووری پارێزگای ئەنبار ئەنجامداوە، بەڵام تاكو ئێستا نەیانتوانیووە بە تەواوی داعش لەو ناوچانە كۆتایی پێبێنن.

له‌ لايه‌كى ديكه‌وه‌، بەگوێرەی ھەواڵی زانیارییە سەربازییەكانی سوپای عێراق، "چەكدارانی داعش ویستویانە ھێرش بكەنە سەر چەكدارانی گروپی سەرایا سەلامی سەربە رەوتی سەدر لە باكووری رۆژھەڵاتی سامەڕا سەربە پارێزگای سەلاحەدین، بەڵام فڕۆكەكانی عێراق بۆردوومانی چەكدارەكانی كردووە و بەھۆیەوە 17 چەكداری داعش كوژراون".

لە سنوری پارێزگای نەینەواش، پۆلیسی مووسڵ توانی ئۆتۆمبێلێكی بارھەڵگری پڕ لە تەقەمەنی دەست بەسەردا بگرێت، كە ویستوویەتی بچێتە ناو شارەكە.

له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگه‌ياند، داعش لە عێراق ماوە و هێزەکانیان بۆ شەڕکردن لە دژی ئەو گروپە لەو وڵاتە دەمێننەوە.

راین دیلن، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "داعش بە شێوەی گروپی بچووک لە عێراق ماوە و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بۆ شەڕکردن لە دژی داعش لە عێراق دەمێننەوە".

لەبارەی شەڕی سووریاش، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، گوتی: "داعش لە سووریا لە کۆتاییهاتن بەشێوەیەکی تەواو نزیکبووەتەوە، ئاشکراشیکرد، کە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین کاریگەری لەسەر شەڕی داعش لە سووریا هەبووە".

ئ.ر