شاندێكی ھەرێم بۆ وەرگرتنی مووچەی سێ مانگ دەچێتە بەغدا
راگەیەندراوێك بڵاودەكەنەوە
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی، ئەمڕۆ شاندێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی ھەرێمی كوردستان، بە مەبەستی وەرگرتنی مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردوو سەردانی بەغدا دەكات.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە: "سێ مووچەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی، رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگە و نوسینگەی زانیاری ساڵی رابردوو دابەشدەکرێت".
عەمیدی مافپەروەر سالار عەبدوڵڵا محمد، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاندووە: "ئەمڕۆ لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی هەرێم کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن، بەمەبەستی وەرگرتن و سەرفکردنی مووچەی مانگی 10 و 11 و 12ی ساڵی 2017".
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە سەر بە حكوومەتی عێراقن و چەند مانگێكە بەبێ ھۆكار مووچەكانیان لە بەغدا راگیراوە.
لە ماوەی رابردوودا حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق چەندین جار بەڵێنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان و كردنەوەی فڕۆكەخانەكانییداوە، بەڵام تائێستا بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكردووە.
ھ.م