حهشد دهیهوێت له بهغدا بخوات و فهرمان له تاران وهرگرێ
مهرج لهسهر عهبادی دادهنێن
K24 - ههولێر:
بە مەبەستی زامنكردنی مانەوەی لە دەسهڵات، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، مووچەی چەكدارانی حەشدی شەعبی و سەربازانی سوپای ھاوتاكرد. بەڵام بەشێك لە سەركردەكانی حەشد، مەرج لەسەر ئەم ھەنگاوەی عەبادی دادەنێن و دەڵێن: "پێویستە بەرپرس و فەرماندەی گروپەكانی حەشدی شەعبی لە نێو پێكھاتەكانیان بمێننەوە"، ئەمەش بە واتای ئەوەی میلیشیاكان لە ژێر فەرماندەیی سەركردەكانیان بمێننەوە، كە فەرمان لە ئێرانەوە وەردەگرن.
بۆ مانەوە لە پۆستی سەرۆکوەزیران و گرتنەوە دەستی دەسەڵات، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کار بۆ راکێشانی سۆزی چەکدارانی حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەکان دەکات، بەبڕوای ئەو پێدانی ئیمتیازات بە چەکدار و سەرکردەکانی حەشد دەبێتە پەرژینێکی بەهێز، بۆ مانەوە و پشتیوانیکردنی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران.
هەرچەندە عەبادی لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی دژ بە داعش لە عێراق ئاماژەی بەوەدابوو، چەک دەبێت لەژێر دەسەڵاتی حکومەت بێت و چەکدارانی حەشدی شەعبیش تێکەڵ بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان بکرێنەوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا، بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی کارمەندانی سوپا و حەشدی شەعبی دەرکرد.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی عەبادی بەڵێن و قسەکانی تەنیا بۆ چەند رۆژێکە و دوای ئەوەی رووبەڕووی ترس و نیگەرانی لەدەستدانی پۆستەکەی دەبێتەوە، راستەوخۆ بەڵێنەکانی بیردەچێتەوە و جارێکی دیکە پێچەوانەی بەڵێنەکانی کاردەکات، بڕیاری هاوتاکردنی مووچەکانی حەشد و سوپاش، لە دوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتی نەسر بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق دێت، کە گرووپ و میلیشیاکان ئامادەنەبوون لەگەڵیدا هاوپەیمانێتی ببەستن و سەرکردەکانیان بە گەندەڵی تۆمەتبارکرد، لەکاتێکدا پێشتر دژی بەشداریی حەشد بوو لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق.
سەرەڕای ئەوەی عەبادی مووچەی 120 هەزار چەکداری حەشدی هاوتای مووچەی هێزە فەرمییەکانی عێراق کرد، بەڵام قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحەق، جەختدەکاتەوە، کە دەبێت سەرکردەکانی حەشد وەکو خۆیان بمێننەوە و ببنە بەشێک لەو پێکهاتەیەی، کە عەبادی دیاریکردووە، ئەمەش عەبادی و عێراق دەخاتە بەردەم مەترسییەکەی گەورە، چونکە هەم هێز و داراییەکی زیاتر دەخاتە ژێر دەستییان، هەمیش لە وەرگرتنی فەرمان لە سەرکردە ئێرانییەکان بەردەوامدەبن و جارێکی دیکە ناکەونەوە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق.