شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەولێر دەكات

گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتن لەنێوان ھەردوولا دەكرێت

K24 - ھەولێر

بۆ تاوتوێكردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا و دوا رێكارەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، سبەی شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەولێر دەكات.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه‌، بڕیاره‌ سبه‌ی شاندێكی حكوومه‌تی عێراق، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن به ‌مه‌به‌ستی دوا رێكارەكان بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

سه‌ردانیكردنی ئه‌م شانده‌ی به‌غدا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وپێش حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، كه‌ پێش جه‌ژنی نه‌ورۆز مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ ده‌كات و هاوكات فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كاته‌وه‌.

ئەمە لەكاتێكدایە، جگە لە لیژنەكانی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران، پێشتر چەند شاندێكی دیكەی حكوومەتی عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە.

لە سەرەتای ساڵی2014 حكوومەتی عێراق بودجەی ھەرێمی كوردستانی بڕی، دوای چەند مانگێك چەكدارانی داعش ھێرشەكانیان بۆسەر ھەرێمی كوردستان و عێراق دەستپێكرد، ئەمەش لەبواری ئابووری سیاسی دۆخی ناوچەكەی ئاڵۆزتركرد، سەرەڕای نەبوونی بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەران، بەھۆی شەڕی داعش، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خەرجییەكی زیاتری كەوتەسەر. دوای دانووستان و چەندین كۆبوونەوە بەغدا ئامادەنەبوو كە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان بنێرێت.

دوای سێ ساڵ ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی لە 25/9/2017 بەڕێوەچوو، ھاووڵاتیانی كوردستان بە رێژەی زیاتر لە 92% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراقدا، پاشان بەغدا ئابڵۆقەی ئاسمانی و زەمینی خستە سەر ھەرێمی كوردستان و  بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكانی باشووری كوردستانیدا.

ھ.م