دوایین زانیاری له‌ باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ كوردستان

كۆمپانیا فڕۆكه‌وانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ست به‌ گه‌شته‌كانییان ده‌كه‌نه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

عێراق بە شێوەیەکی فەرمی نووسراو (نۆتامی) دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەرکرد و گەشتەکان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌.

تەلار فایەق بەرێوەبەری فڕۆکه‌خانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان 24ی راگەیاند، لە کاتژمێر 9 شەوی رابردوو عێراق نۆتامی دەستپێکردنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکه‌خانەکانی هەولێر و سلێمانی دەرکرد و هەر لەو کاتەوە ئاسمانی کوردستان بەرووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا کراوەتەوە.

تەلار فایەق روونیشی كرده‌وه‌،  کۆمپانیا هەیە پێویستی بە 48 کاتژمێر یان 72 کاتژمێرە تا گەشتەکان دەست پێبکەنەوە و هێڵەکانی نەمسا و قەتەر پەیوەندییان پێوەکردوون و ئامادەیان دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان و کۆمپانیاکانی دیکەش ئامادەکارییەکانیان دەستپێکردووە.

فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بڕیارێكی حكوومه‌تی عێراق، له‌ 29ی ئه‌یلوولی 2017، به‌ رووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داخران و ته‌نها بۆ گه‌شته‌ ناوخۆییه‌كانی عێراق به‌كارده‌هێنران، دوای رێككه‌وتنی نێوان نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، رۆژی سێشه‌ممه‌ 13/3/2018 بڕیاردرا گه‌مارۆی سه‌ر گه‌شته‌ نیوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌ڵبگیرێت.

 

ا. م