به‌رلین و له‌نده‌ن و پاریس و واشنتۆن له‌دژی رووسیا یه‌كده‌گرن
به‌یاننامه‌یه‌كی چوارقۆڵی له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌مه‌ریكاوه رووداوه‌كه‌ی سكریبال به دوژمنكارانه بۆ سه‌ر به‌ریتانیا وه‌سف ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
له به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا، كه له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی هه‌ریه‌ك له وڵاتانی به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا و ئه‌مه‌ریكاوه ده‌ركراوه، رووداوه‌كه‌ی ژه‌هراویكردنی سێرگی سكریبال، سیخوڕی پێشووی رووسیا و كچه‌كه‌ی له ئینگلته‌را شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن و، به "ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر سه‌روه‌ری به‌ریتانیا" وه‌سف ده‌كه‌ن.
له به‌یاننامه چوارقۆڵیهكهدا هاتووه، "ئێمه‌ی سه‌ركرده‌ی فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا، ئه‌و هێرشه شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، كه رۆژی 4ی مارسی 2018 له ناوچه‌ی سالزبۆری به‌ریتانیا كرایه سه‌ر سێرگی سكریبال و یۆلیای كچی".
به‌یاننامه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات، "به‌كارهێنانی گازی دژهدهمار تایبه‌ته به مه‌به‌سته سه‌ربازییه‌كان و یه‌كێكه له‌و جۆرانه‌ی رووسیا پێشكه‌وتنی تێدا كردووه و، دوای جه‌نگی دووه‌می جیهان بۆ یه‌كه‌م جاره هێرشێك به گازی له‌مجۆره له ئه‌وروپا ئه‌نجام بدرێت".
له‌درێژه‌ی به‌یاننامه چوارقۆڵیهكهدا جه‌خت كراوه‌ته‌وه، "ئه‌و ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری به‌ریتانیا و هه‌ر حاڵه‌تێكی دیكه‌ی به‌كارهێنانی گاز له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌كانه‌وه، پێشێلكردنێكی زه‌قی رێككه‌وتنه‌كانی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه و، هه‌ره‌شه له ئاسایشی هه‌رهه‌موومان ده‌كات".
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و چوار وڵاته دا‌واشیان له رووسیا كردووه، ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی پرۆگرامه تایبه‌ته‌كه‌ی به گازی "نۆفیتشۆك" ئاشكرا بكات، كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆئه‌ندامی ده‌مار هه‌یه و، باس له‌وه ده‌كرێت، سێرگی سكریبال و كچه‌كه‌ی به‌و گازه ژه‌هراوی كرابن و، له حاڵه‌تێكی ناجێگیری ته‌ندرووستیدا گوازراونه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه.
ئه‌و رووداوه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی گرژی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌ریتانیا و رووسیا درووست بێت و، له‌نده‌ن تۆمه‌تی ژه‌هراویكردنی ئه‌و سیخوڕه رووسییه و كچه‌كه‌ی، ده‌خاته ئه‌ستۆی مۆسكۆ و، به‌و هۆیه‌شه‌وه به‌ریتانیا چه‌ندین رێككاری نوێی له دژی رووسیا گرتۆته به‌ر، له‌وانه‌ش رۆژی 14ی ئه‌م مانگه تێریزا مه‌ی، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا مۆڵه‌تی ته‌نیا هه‌فته‌یه‌كی بۆ 23 دیپلۆماتكاری رووسی دیاریكرد، بۆئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی جێبهێڵن، كه دواجار ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌ریتانیا رووسیای زۆر تووڕه كرد و، هه‌ره‌شه‌ی ره‌فتاری هاوشێوه له له‌نده‌ن كرد و، بڕیاری ده‌ركردنی دیپلۆماتكاره به‌ریتانییه‌كانی ده‌ركردووه.
H.B