"توركیا به‌ره‌و شنگال بجووڵێ په‌كه‌كه به‌تووندی به‌ره‌نگاریان ده‌بێته‌وه"
فه‌رمانده‌یه‌كی په‌كه‌كه: ئه‌ردۆغان به‌رده‌وام لێدوانی ناڕاست ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" به‌ڵێن ده‌دات گه‌ریلاكانیان به توندی به‌رپه‌رچی هه‌ر جووڵه‌یه‌كی سه‌ربازی توركیا له ناوچه‌ی شنگال ده‌ده‌نه‌وه.
كاوه شێخمووس، فه‌رمانده‌یه‌كی په‌كه‌كه، به ئاژانسی سپوتنیكی رووسی گوتووه: "تا ئێستا هیچ جووڵه‌یه‌كی سه‌ربازی توركیا به ئاراسته‌ی شنگال له ئارادا نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه رووبدات، بۆ پاراستنی ئێزدییه‌كان به توندی به‌رپه‌رچی سوپای توركیا ده‌ده‌ینه‌وه".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا به‌رده‌وام لێدوانی ناڕاست ده‌دات.
هاوكات فاتیح یه‌ڵدز، باڵیۆزی توركیا له به‌غدا، ره‌تیده‌كاته‌وه له ئێستادا هیچ پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی دژی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" له شنگال به‌ڕێوه بچێت.
باڵیۆزه‌كه‌ی توركیا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نوسیوویه‌تی: "ده‌مه‌وێت ئاگادارتان بكه‌م، ئێستا هیچ هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازی توركیا دژی په‌كه‌كه له شنگال له ئارادا نییه".
روونكردنه‌وه‌كه‌ی یه‌ڵدز پاش قسه‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیایه كه رۆژی یه‌كشه‌ممه 25/3/2018 له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێكی زۆردا له ویلایه‌تی تراپزۆن له باكووری رۆژهه‌ڵاتی توركیا گووتی: "ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی دژی په‌كه‌كه له شنگال ده‌ستیپێكردووه".
له هه‌مانكاتدا فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی عێراق، له به‌یاننامه‌یه‌كدا ره‌تیكردووه‌ته‌وه هیچ جووڵه‌یه‌كی سه‌ربازی توركیا به ئاراسته‌ی سنووره‌كانی عێراق هه‌بێت.
ئه‌و قسه و هه‌ڕه‌شانه هاوكاتی بڕیاری په‌كه‌كه‌یه بۆ كشانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له گه‌ریلاكانیان له شنگال له سه‌ر داوای حكومه‌تی عێراق، سه‌ره‌ڕای چه‌ندینجار داواكاری حكومه‌تی هه‌رێم و ئێزدییه‌كان، به‌ڵام ئاماده نه‌بوون پێشتر بكشینه‌وه.
هێزه‌كانی په‌كه‌كه له مانگی ئابی 2014ـه‌وه‌و له كاتی هێرشی فراوانی داعش بۆ ناوچه ئێزدینشینه‌كان هاتبوونه ناوچه‌كه.