پەكەكە داوایەكی حكوومەتی عێراق لە شنگال جێبەجێ دەكات
خەڵكی شنگال داوا دەكەن ئارامی بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە
K24 - ھەولێر
پەكەكە بە بیانووی ئەوەی ئێستا شنگال ئارامە، بڕیاری كشانەوەی لە شارەكە داوە، لە كاتێكدا زیاتر لە دوو ساڵە پێشمەرگە شنگالی ئازاد كردووە و ئەوسا ئارامی بۆ شارەكە گەراوەتەوە. قایمقامی شنگال رایدەگەیەنێت، تائێستا 85% خەڵكی شنگال لە ئاوارەییدا دەژین و نەگەڕاونەتەوە شارەكەیان، پێشتر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان داوای لە پەكەكە كرد، لەپێناو گەڕانەوەی ئارامی شنگال جێ بھێڵن، بەڵام قایل نەبوون و بوونە ھۆكاری نەگەڕانەوەی خەڵك بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
موحسین سلێمان، یەكێكە لە ئاوارەكانی شنگال و ئێستا لە كەمپێكی ئاوارەكان لە سنووری پارێزگای دھۆك نیشتەجێیە ئەو دەڵێت: "تا بارەگاكانی پەكەكە لە شنگال بن ئێمە ئاسوودە نابین بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵمان، بۆیە دەمانەوێت شنگال جێبھێڵن".
سەبارەت بە ھەمان پرس ئاوارەیەكی دیكەی شنگال بەناوی شاکر قەیرانی، رایوایە: "پێیم باشە پەكەكە و حەشدی شەعبی لە شنگال بكشێنەوە و دەسەڵاتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە ناوچە و بۆ ئەوەی شنگال ئاوەدان بكرێتەوە".
دوای ئەوەی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، شنگالی لە دەست چەكدارانی داعش رزگاركرد، ھێزەكانی پەكەكە بنكە و بارەگاكانیان لە شنگال دامەزراند و چەندین جار لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و خەڵكی ناوچەكە داوایان لێكرا لەپێناو ئارامی و ئاسایش لە شنگال بكشێنەوە، بەڵام ئامادەنەبوون، كەچی ئێستا لەسەر داوای حكوومەتی عێراق لە شنگال دەكشێنەوە.
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە كوردستان24 راگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا چەندین جار وەك ئیدارە و خەڵكی ناوچەكە و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان داوامان لە پەكەكە كرد شنگال جێ بھێڵێ، شنگال مەیدانی خەباتی پەكەكە نییە، بەڵكو رێگر بووە لە ئاوەدانكردنەوە و جێبەجێكردنی یاسا لە شنگال".
دوای ئەوەی توركیا بە بیانووی بوونی پەكەكە، ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر شنگالی كرد، سەركردەكانی پەكەكە رایانگەیاند، ئێستا شنگال ئارامە و ئەركیان لەوێ تەواو بووە، بۆیە لە شنگال دەكشێنەوە.