داعش چه‌قۆكانی بۆ كه‌ركووك تیژده‌كاته‌وه‌

رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ركووكی خستووه‌ته‌ به‌ر چه‌قۆی داعش

K24 - هه‌ولێر:

هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای کەرکووک دەستیپێکردووەتەوە و لەماوەی یەک هەفتەشدا نزیکەی 25 چەکداری حەشد و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لەو سنوورە کوژراون، پەرلەمانتارێکی عێراقیش لە بازنەی کەرکووک  ئاماژە بەوەدەدات، ئەو ناوچانەی پێشمەرگە پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر پارێزگاری لێدەکردن ئێستا بەڕووی داعش کراونەتەوە.

جارێکی دیکە داعش لە سنووری پارێزگای کەرکووک سەرهەڵدەداتەوە و  لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، چەندین کردەی چەکدارییان لەو پارێزگایە ئەنجامداوە،کە بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکداری حەشد و کارمەندی سوپا کوژراون، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکیش جەخت لەسەر خراپی رەوشی ئەمنی کەرکووک دەکاتەوە و دەشڵێت، بەهۆی هەڕەشەکانی داعش و خراپی رەوشی ئەمنی، سەختە وەبەرهێنەران روو لە کەرکووک بکەن.

رووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بارودۆخی پارێزگای کەرکووکی لە ناوچەیەکی ئارام بۆ ناوچەیەکی مەترسیدار گۆڕی، پەرلەمانتارێکی کەرکووکیش ئاماژە بەوەدەدات، تەواوی ئەو سنوورانەی پێشتر پێشمەرگە دەیپاراستن ئێستا بەڕووی داعش کراونەتەوەو مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر شاره‌كه‌ هه‌یه‌.

هاوکات راکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی رایگەیاندووە، چەکدارانی داعش لە خۆحەشاردان لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کەرکووک سەرکەوتووبوون، بۆیەش پاککردنەوەی ناوچەکە لە داعش کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بەکاتی زۆر هەیە.

گوتەکانی جبووری ئەوە دەسەلمێنێت، حکومەتی عێراق لە راگەیاندنی کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی حەویجەی سنووری پارێزگای کەرکووک و کۆتاییهێنان بە داعش لە عێراق پەلەی زۆری کردووە و تەنیا ئامانجیشی داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بووە.

لەلایەکی دیکەوە  مه‌هدی به‌یاتی، كه‌سایه‌تی سیاسی و سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی رزگاركردنی توركمان و داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات ئۆپەراسیۆنێكی قورستر له‌وه‌ی نه‌ینه‌وا و سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار له‌ دژی شانە نوستووەکانی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکووک  ئه‌نجامبدات، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر زۆری ژمارەی چەکدارانی داعش لەو سنوورە و بێئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی، کە ساڵی رابردوو دژ بە داعش لەو سنوورە ئەنجامیاندا.