ئه‌ردوغان: ئه‌گه‌ر عێراق له‌شنگال رووبه‌ڕووی په‌كه‌كه نه‌بێته‌وه خۆمان ئه‌و كاره ئه‌نجام ده‌ده‌ین
ئه‌ردوغان: به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگه‌ری توركیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی عێراقی كۆ ده‌بێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
رهجهیب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا ئاشكرایكرد، ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگه‌ری توركیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی باڵای عێراقی كۆ ده‌بێته‌وه، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پرۆسه‌ی سه‌ربازی عێراق له ناوچه‌ی شنگال، كه توركیا هه‌میشه جه‌خت ده‌كاته‌وه، پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه بنگه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌و ناوچه‌یه داناوه. به‌ڵام ئه‌ردوغان ئاماژه‌ی به‌ناوی ئه‌و به‌رپرسه عێراقییه نه‌كردووه، كه بڕیاره به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگه‌ری توركیا له‌گه‌ڵی كۆ ببێته‌وه.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی رۆیته‌رز، ئه‌م قسانه‌ی ئه‌ردوغان له لێدوانێكدا هاتوون، كه به‌ر له ئاماده‌بوونی له لوتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وروپا به ڕۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاندووه، "ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق نه‌یتوانی له كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی له دژی په‌كه‌كه له ناوچه‌ی شنگال سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌وا توركیا هه‌رچی له‌توانادایه درێغی ناكات و خۆی ئه‌و كاره ئه‌نجام ده‌دات".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ی دیاری لوبنانی به پشت به‌ستن به چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی، سووری و یه‌په‌گه بڵاویكرده‌وه، كه ئاماژه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕێ عێراق و توركیا ده‌ركه‌وتوون.
ئه‌و رۆژنامه‌یه دووپاتیكرده‌وه، چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك بۆ سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی نێوان عێراق و توركیا ده‌ركه‌وتوون، یه‌كێك له‌و ئاماژانه‌ش ئه‌وه‌یه، كه توركیا سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تا ناوچه‌ی ئه‌لبوكه‌مالی سه‌ر سنووری نێوان عێراق و سووریا، به‌رده‌وامی به ئۆپه‌راسیۆن و كرده سه‌ربازییه‌كانی ئێستای ده‌دات.
رۆژنامه‌كه باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات، "عێراق هۆشداری داوه‌ته توركیا، ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی سوپای ئه‌و وڵاته له شاری ئه‌لبوكه‌مال نزیك ببنه‌وه، ئه‌وا شه‌ڕی نێوان عێراق و توركیا هه‌ڵده‌گیرسێت، هاوكات سوپای سووریا و هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه‌ش رایانگه‌یاندووه، له‌و شه‌ڕه‌دا به‌توندی رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی سوپای توركیا ده‌بنه‌وه".
رۆژنامه‌ی دیار ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، "سوپای سووریا جه‌ختی كردۆته‌وه، به سه‌دان تۆپ، تانك، زریپۆش، مووشه‌ك و كاتیۆشا له دژی سوپای توركیا به‌كارده‌هێنن، له‌كاتێكدا یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه رایگه‌یاندووه، كه خاوه‌ن 150 هه‌زار چه‌كداره و هه‌موویان ده‌خاته سه‌نگه‌ره‌كانی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی سوپای توركیا و له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه زۆر به‌هێزتر له عه‌فرین گورزی خۆیان له هێزه توركه‌كان ده‌وه‌شێنن".
سه‌باره‌ت به هێزه عێراقییه‌كانیش، رۆژنامه‌كه باسی هه‌ڵوێستی به‌غدای كردووه، كه جه‌ختی كردۆته‌وه "له‌ئه‌گه‌ری نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا له سنووری نێوان عێراق و سووریا، سوپا و چه‌كی ئاسمانی عێراقیش ده‌سته‌وه‌ستان نابن و به هه‌موو تواناكانیان رووبه‌ڕووی فراوانخوازییه‌كانی توركیا ده‌بنه‌وه" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، "عێراق شاری ئه‌لبوكه‌مال به هێڵی سوور ده‌زانێت و نزیكبوونه‌وه له‌و هێله ئاكامی نه‌خوازراوی ده‌بێت".
ئه‌و رۆژنامه‌یه ئاشكراشیكردووه، "سوپای عێراق ئاماده‌یه هاوكاری له‌گه‌ڵ سوپای سووریا بكات و له ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێكی توركیا بۆ نزیكبوونه‌وه له شاری ئه‌لبوكه‌مال، شانبه‌شانی هێزه‌كانی حكوومه‌تی دیمه‌شق رووی تۆپخانه و مووشه‌كه‌كانی ده‌كاته سوپای توركیا".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، به‌گوێره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌یه وته‌بێژێكی سه‌ربازی سوپای توركیا جه‌ختی كردۆته‌وه: "پلانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا به گه‌یشتن به شاری ئه‌لبوكه‌مالی سه‌ر سنووری نێوان عێراق و سووریا ته‌واو ده‌بێت و، به‌ڵێنیان داوه له‌هیچ هێزێك سڵ ناكه‌نه‌وه، كه له‌و شه‌ڕه‌دا به‌رهه‌ڵستی پێشڕه‌وییه‌كانی توركیا بكات".
H.B