شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

"خێرای با زیاد دەكات و لەم ناوچانە رێژەی بارانبارین زیاتر دەبێت"

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی پێشبینیەكانی كەشناسی لە كۆتایی ئەم ھەفتەیەدا شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین، ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە ھەندێك ناوچە خۆڵبارین و ھەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "رۆژى پێنج شەممە 29/3/2018، هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور و نیمچە دورگەى عەرەبى. لەکاتەکانى بەیانى ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت پاشان دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و هەورى تەواو لەگەڵ زیادبوونى خێراى باو و بەرزبوونەوەى تۆزێکى کەم".

كەشناسی راشیگەیاندووە: "رۆژى هەینى کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور زیاتر دەبێت ئاسمان هەورى تەواو دەبێت و باران بارین لەناوچە شاخاوییەکان رێژەى زیاتر دەبێت و هەندێجار هەورەتریشقەى لەگەڵ دەبێت بەتایبەتى ناوچەشاخاوییەکانى پارێزگاى دهۆك، ھەروەھا لەسەنتەرى پارێزگاکان بارانێکى کەم دەبێت وە لەهەندێ ناوچەش کاریگەرى خۆڵبارین زیاتر دەبێت، لەگەڵ باران تێکەڵ دەبێت و پلەکانى گەرما نزم دەبێتەوە".

كەشناسی ھەرێمی كوردستان راشیگەیاندووە: "رۆژى شەممە کاریگەرى ئەم نا سەقامگیرییەی كەشوھەوا کۆتایی دەێت".

ھ.م