مێسی: ههڵبژاردهی ئارجێنتین بۆ بردنهوهی مۆندیال بهربژێر نییه
مێسی 4 ههڵبژارده بۆ بردنهوهی مۆندیال بهربژێر دهكات
لیۆنێل میسی لە دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵی فۆکس سپۆرت ئامادەیی خۆی بۆ یاریی بەرامبەر ئیسپانیا دووپات دەکاتەوە و لەبارەی شکستەکەیان بەرامبەر ئەڵمانیا لە فایناڵی مۆندیالی ٢٠١٤ دەڵێت هەرگیز سەیری ئەو یارییەم نەکردووەتەوە و پێشیوایە چوار هەڵبژاردە بۆ نازناوی مۆندیالی رووسیا بەربژێرن و رەتیشی دەکاتەوە ئارجێنتینا بۆ نازناوەکە بەربژێر بێت.
لیۆنێل مێسی لە دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵی فۆکس سپۆرتی ئەمریکیدا دەڵێت: بە هیچ شێوەیەک سەیری فایناڵی مۆندیالی ٢٠١٤م نەکردووەتەوە، کە لە دوا خولەکەکان ئارجێنتینا لە خەونی بەدەستهێنانی جامی جیهانی شكستی هێنا، ئەستێرەکەی ئارجێنتینا پێشیووایە هەڵبژاردەکەی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی ٢٠١٨ بەربژێر نییە.
مێسی لەبارەی یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر ئیسپانیا ئامادەیی خۆی بۆ یارییەکە دووپات دەکاتەوە و دەڵێت بە تەواوەتی لە پێکانەکەم چاکبوومەتەوە و ساڵانێکی زۆرە من سێ رۆژ جارێک یارییەک ئەنجام دەدەم و جەستەم لەسەر ئەمە راهاتووە.
مێسی رەتیدەکاتەوە ئەوان بۆ بەدەستهێنانی مۆندیالی رووسیا بەربژێربن و دەڵێت، هەڵبژاردەکانی ئیسپانیا و بڕازیل و ئەڵمانیا و فڕەنسا لە ئێمە بەهێزترن و ئەوان بەربژێرن بۆ نازناوەکە، لیۆ پێیوایە ئەوان تیپێکی باشیان هەیە، بەڵام پێویستە بەهێزتربن.
مۆندیالی رووسیا دوایین هەلە بۆ ئەم نەوەیەی ئێستای تۆپی پێی ئارجێنتینا، چونکە دوای مۆندیالی ٢٠١٨ زۆربەی یاریزانەکان واز لە یاریی نێودەوڵەتی دەهێنن و سەردەمیان بەسەر دەچێت، بۆیە پێویستە ئێمە وەکو دوایین چانس مامەڵەی لەگەڵ بکەین، ئێمە سێ جار گەیشتینە یاریی کۆتایی بەڵام نەمانتوانی هیچ نازناوێک بەدەست بهێنین، چونکە ویستی خودای تێدا نەبوو، بەڵام ئەمجارەیان لە مۆندیالی رووسیا لە هەموو جارێک زیاتر پێویستمان بە بەدەستهێنانی نازناوەکەیە.
هەرگیز سەیری یاریی کۆتایی مۆندیالی ٢٠١٤م نەکردووەتەوە، چونکە کاتێکی ناخۆش و رەش و پڕ خەم بوو، هەرگیز ئەو دیمەنەم بیر ناچێتەوە، کاتێک یاریزانانی ئەڵمانیا لە بەردەم ئێمە بە مەراسیم چوونە سەر سەکۆی نازناوەکان و بوونە پاڵەوانی مۆندیال.
مێسی لەمیانی دیمانەکەی لەگەڵ فۆکس سپۆرت دان بەوەدادەنێت، کە ئەو لە هەمان شوێنی پاولۆ دیبالا یاریی دەکات و ستایشی ئاستی سێرخیۆ ئەگوێرۆ و گۆنزالۆ هیگواین دەکات و پێیوایە زوڵمە هیگواین بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی نەکرێت.
مێسی دەڵێت کاتێک بڕیاری وازهێنانم لە یاریی نێودەوڵەتیدا هەرگیز پێشبینیم نەدەکرد رۆژێک لە رۆژان بگەڕێمەوە هەڵبژاردەکە، بەڵام کاتێک گەڕامەوە ریزی هەڵبژاردەکە سەرزەنشتی خۆم کرد و هەستم بە شەرمەزاری کرد.
مێسی کە ماوەیەک لەمەوبەر بووە باوکی سێیەم منداڵ، دەڵێت هەمیشە هەوڵ دەدەم ببمە باوکێکی باش بۆ منداڵەکانم و دووپاتیشی دەکاتەوە هێشتا حەزی لە منداڵی دیکەیە و دەیەوێت ببێتە باوکی چەند منداڵێکی دیکە، کە ئێستا باوکی تیاگۆ و ماتیۆ و سیرۆیە و ئاماژەش بەوە دەکات کە هەمیشە تیاگۆ خەریکی یاریی تۆپی پێیە و بە یاریکرندی شێتی کردوون.
.jpg)