رێباز حه‌ملان: رۆژانه‌ زياتر له‌ 300 هه‌زار به‌رميل نه‌وت ده‌فرۆشين

رێباز حه‌ملان رايگه‌ياند، ناتوانين بڵێين له‌ كوردستان له‌ سه‌دا سه‌د شه‌فافيه‌ت هه‌يه‌

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زيرى دارايى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، رێباز حه‌ملان رايگه‌ياند، ناتوانين بڵێين له‌ كوردستان له‌ سه‌دا سه‌د شه‌فافيه‌ت هه‌يه‌ و رۆژانه‌ 300 تا 320 هه‌زار به‌رميل نه‌وت ده‌فرۆشين.

رێباز حه‌ملان له‌ چاوپێكه‌وتنێكى رۆژنامه‌وانيدا، كه‌ كوردستان24 په‌خشيكرد، رايگه‌ياند، له‌ ده‌ستكاريكردنى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌دا، پشتمان به‌و بڕه‌ پاره‌يه‌ به‌ستووه‌ كه‌ له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت.

گوتيشى: سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق به‌ڵێنى داوه‌ مانگانه‌ بڕێك پاره‌ ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكات.

روونيشيكرده‌وه‌، هه‌رێمى كوردستان له‌ ئێستادا رۆژانه‌ 300 تا 320 هه‌زار به‌رميل نه‌وت ده‌فرۆشێت و نرخه‌كه‌شى 10 دۆلار كه‌متره‌ له‌ نرخى برێنت ده‌فرۆشرێت.

هه‌روه‌ها گوتى: شاندێكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدايه‌ و وتوێژى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گه‌شه‌كردنيان به‌ خۆوه‌ بينيوه‌ و هه‌ردوولا له‌ باره‌ى پرسى بودجه‌وه‌ له‌ دانووستاندان.

رێباز حه‌ملان له‌ باره‌ى قه‌رزه‌كانى سه‌ر شانى حكومه‌تى هه‌رێم رايگه‌ياند، هه‌رێم قه‌رزارى توركيايه‌ و ئه‌گه‌ر پاره‌ى قه‌رزه‌كه‌ نه‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌وا سووى ده‌چێته‌ سه‌ر.

ئاشكراشيكرد، كه‌ بڕيارى دامه‌زراندنى فه‌رمانگه‌يه‌ك دراوه‌ بۆ به‌دواداچوونى قه‌رزه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم و چۆنێتى دانه‌وه‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌. 

ئ.ر