لە پەرلەمانی عێراق رێگە نادرێت باسی شنگال بكرێت
"پێویستە حكوومەتی عێراق ھەڵوێستی روونی بەرامبەر ھەڕەشەكانی توركیا ھەبێت"
K24 - بەغدا
پەرلەمانتارانی عێراق داوا لە حکوومەتی بەغدا دەکەن، لەبەرامبەر هەڕەشەکانی حکوومەتی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە شنگال هەڵوێستێکی روون و بوێرانەی هەبێت. هاوکات پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدیش ئاماژە بەوەدەدات، داوایان لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە، دانیشتنێکی پەرلەمان تایبەت بە رەوشی شنگال و هەڕەشەکانی تورکیا ئەنجامبدرێت، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان ئەو داوایەی رەتکردووەتەوە.
تورکیا لە هەڕەشەکانی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) لە شنگال بەردەوامە و پەرلەمانتارانی عێراقیش داوا لە حکوومەتی وڵاتەکەیان دەکەن، هەڵوێستێکی روون و ئازایانەی بەرامبەر بە هەڕەشە و لێدوانی بەرپرسانی حکوومەتی ئەنقەرە هەبێت و پهرلهمانتارێكی كوردی ئێزیدیش دهڵێ، سهرۆكی پهرلهمانی عێراق ئامادهنییه رهزامهندی لهسهر دانیشتنێكی تایبهت به رهوشی شنگال بدات.
رەزاق ئەلحەیدەری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "پێویستە حکومەتی عێراق هەڵوێستێکی راشکاوانە و بە کردەی بەرامبەر بە دەستێوەردانەکانی تورکیا هەبێت، کە ئاخۆ لەرێگەی وەڵامدانەوەی سەربازی دەبێت ئەو هەڵوێستەی یاخود لەرێگەی سکاڵاکردن لە نەتەوەیەکگرتووەکان و پەنابردن بۆ وڵاتانی ناوچەکە بێت".
ھەر سەبارەت بەو پرسە شرووق ئەلعەبایجی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی مەدەنی گوتی: "تەواوی ئەو بیانووانە رەتدەکەینەوە، کە هەندێك لایەنی دەرەکی بۆ تێکدانی بارودۆخی عێراق دەیهێننەوە، هەروەها پێویستە حکوومەت شکۆی خۆی بگەڕێنێتەوە و کۆنترۆڵی ناوچەکان بکات، هاوکات سوپا و هێزەکانی عێراق دەتوانن کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکەن، بەبێ ئەوەی دەستێوەردانی دەرەکی هەبێت".
ھەروەھا عەباس بەیاتی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، بە كوردستان24 گوت: "تورکیا نەهاتووەتە ناو شارۆچکەی شنگال، ئەوەی باسیشی لێوەدەکرێت تەنیا پڕوپاگەندەی راگەیاندنەکانە، تاوەکو ئێستا بەفەرمی سوپای تورکیا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچەکانی سێگۆشەی نێوان عێراق، ئێران و وڵاتەکەی ئەنجامنەداوە".
ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی ئاشكرای دەكات، کە ژمارەیەك پەرلەمانتار بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەت بە شنگال واژوویان کۆکردووەتەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەو داوایەی رەتکردووەتەوە و ئامادەنەبووە هیچ ھەنگاوێك بنێت.
لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری2017 و داگیرکردنی شنگال لەلایەن هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی، کوردانی ئێزدی ئەو ناوچەیە بە بارودۆخێکی سەخت تێدەپەڕن، لە چەند رۆژی رابردووشدا نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە عێراق کردبوو، بەهانای کوردانی ئێزدییەوە بچێت.
ھ.م