"توركیا رێوشوێنەكانی سەر ئۆجەلان توندتر دەكات"

كەجەكە: زانیارمان لەبارەی رەوشی ئۆجەلان پێگەیشتووە

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایدەگەیەنێت، توركیا فشارەكانی بۆسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە ئیمرالی زیاتر كردووە و تەنانەت رادیۆ و تەلەڤزیۆنیشی لێ قەدەخە كراوە.

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە لە وتارێكدا، كە لە میدییاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاوكراوەتەوە، باس لە دوایین زانیاری لەبارەی رەوشی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پەكەكە دەكات و دەڵێت: "بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستمان كەوتووە، پاش داگیركردنی عەفرین، توركیا فشارەكانی بۆسەر ئۆجەلان لە ئیمرالی زیاتر كردووە، پێشتر رادیۆ و تەلەڤزیۆنی پێدرابوو، بەڵام ئێستا ئەوەشیان لێ قەدەخە كردووە".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات: "زیادكردنی ئەو فشارانە بەهۆی هەڵوێستی ئۆجەلان، بووە لەسەر عەفرین، بۆیە رێوشوێنی توندتریان بەرامبەر گرتووەتەبەر".

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەكەكە لە 15 شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگریدا، لە کینیا دەستگیرکرا، دواتر بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕالی بەندكرا.

ھ.م