شاره‌زايه‌كى ئێرانى: باڵانسى ئه‌مريكا له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له دۆخێكدايه ئيره‌يى پێ نابردرێت
له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ترمپ تا ئه‌و ئاسته كه‌سێكی بوێر بێت، كه بتوانێت هێرش بكاته سه‌ر ئێران
K24 – هه‌ولێر:
ده‌نگی ناوخۆی ئێران له‌باره‌ی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌رز بووه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا گرژی له‌نێوان ته‌واوی لایه‌نه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ستی پێ ده‌كرێت.
كه‌ناڵی "رووسیا توده‌ی" له راپۆرتێكدا شرۆڤه‌ی ئه‌م پرسه‌ی كردووه و له‌مباره‌یه‌وه، ئه‌میر موسه‌وی، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه ستراتیژییه‌كان و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له تاران بۆ ئه‌و كه‌ناڵه گوتوویه‌تی: "له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ترمپ تا ئه‌و ئاسته كه‌سێكی بوێر بێت، كه بتوانێت هێرش بكاته سه‌ر ئێران، چونكه ئێستا باڵانسی ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌دۆخێكدایه كه ئیره‌یی پێ نابردرێت! تۆپه‌كه له‌ده‌ست به‌ره‌ی ئێرانه و ئه‌مه‌ریكا له شه‌ڕی باشووری سووریا رووبه‌ڕووی شكستێكی گه‌وره بووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ناكۆكی هاوپه‌یمانه‌كانیشی له‌باكوور (مه‌به‌ستی كورد و توركه) ئه‌وه‌نده‌ی دیكه توشی شكست كردووه".
مووسه‌وی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هه‌ر بنكه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئامانجێكی له‌باره بۆ مووشه‌كه‌كانی ئێران، به‌تایبه‌ت كه توانای بڕینی زیاتر له مه‌ودای 200 كیلۆمه‌تریان هه‌یه".
مووسه‌وی رووی ره‌خنه‌كانی له دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كرد و گوتی: "تره‌مپ بازرگانێكی زۆر باشه توانیویه‌تی له‌و بواره‌دا خزمه‌تی وڵاته‌كه‌ی بكات، لێدوانه‌كانیشی له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا، مه‌به‌ستی بۆ دۆشینی سه‌روه‌ت و پاره‌ی زیاتری وڵاتانی كه‌نداوه".
مووسه‌وی دووپاتیكرده‌وه، "تره‌مپ هه‌وڵ ده‌دات 1300 ملیار دۆلار له وڵاتانی كه‌نداو به‌ده‌ست بهێنێت".
گوتیشی: "له‌م كات و ساته‌دا ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت هیچ هێرشێكی سه‌ربازی ئه‌نجام بدات، ئه‌گه‌ر نیازێكی وای هه‌بوایه، ئه‌وا به‌ر له كشانه‌وه‌ی چه‌كداره‌كان له غووته‌ی رۆژهه‌ڵات ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجام ده‌دات، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی به‌كار بهێنابان".
جه‌ختیشی كرده‌وه، "هه‌موو ده‌ره‌نجامه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی سووریا و هاوپه‌یمانه‌كانی ته‌واو ده‌بن، هه‌روه‌ك چۆن پێشتر له عێراقیش روویدا".
مووسه‌وی ئاماژه‌ی به ئاڵۆزی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به توركیای هاوپه‌یمانه‌كه‌ی كرد، كه به گوته‌ی ئه‌و گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ بێهێزی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكا له‌م قۆناغه‌دا، هه‌روه‌ها به‌راوردێكی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران له گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ماوه‌ی 7 ساڵی رابردوودا كرد.