بن سه‌لمان: ئێران و ئیخوان و گرووپه توندڕه‌وه‌كان سێكوچكه‌ی شه‌ڕن
"ئیسرائیلییه‌كان مافی خۆیانه له‌سه‌ر خاكی خۆیان بژین"

K24 - هه‌ولێر:
محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه رایگه‌یاند، ئیسرائیلییه‌كان مافی خۆیانه له‌سه‌ر خاكی خۆیان به ئاشتییانه بژین.
له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری "ذه ئه‌تلانتیك"ی ئه‌مه‌ریكی، شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه رایگه‌یاند، فه‌له‌ستینی و ئیسرائیلییه‌كان مافی ده‌وڵه‌ت و نیشتمانێكیان هه‌یه له‌سه‌ر خاكی تایبه‌ت به خۆیان و گوتی: "پێویسته بگه‌ینه رێككه‌وتنێك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری سه‌قامگیری هه‌موولایه‌ك بكات و په‌یوه‌ندییه‌كی ئاسایی بنیات بنرێت".
هه‌رچه‌نده تا ئێستا سعوودیه دانی به ئیسرائیل نه‌ناوه وه‌ك ده‌وڵه‌ت و ریاز بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، كشانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ته‌لئه‌ڤیڤی له "خاكه عه‌ره‌بییه داگیركراوه‌كان" كردووه‌ته مه‌رج، له‌گه‌ڵ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و زه‌وییانه‌ی فه‌له‌ستینییه‌كان داوای ده‌كه‌ن.
شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه بۆ گۆڤاره‌كه گوتیشی: "هه‌ندێك مه‌ترسی ئایینیمان له‌سه‌ر مزگه‌وتی ئه‌قسا هه‌یه، له‌گه‌ڵ مافه‌كانی گه‌لی فه‌له‌ستینی، ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌مانه ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه و به‌رهه‌ڵستی مافی هیچ گه‌لێكی دیكه‌ش ناكه‌ین".
ماوه‌یه‌كیشه سعوودیه بواری ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به رووی فڕۆكه مه‌ده‌نییه‌كان ئیسرائیلییه‌كان كردووه‌ته‌وه.
به‌هۆی حووسییه‌كانی یهمهنیشنهوه، نێوانی ریاز و تاران گرژی زیاتری تێكه‌وتووه، به‌هۆی ئه‌و گرژیانه‌ش وای لێهاتووه، سعوودیه له پاڵ ئیسرائیل، وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانییان سه‌یری ئێران بكات.
محه‌مه‌د بن سه‌لمان، له باره‌ی ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌ش رایگه‌یاند، هه‌ریه‌ك له ئێران و ئیخوان و گرووپه توندڕه‌وه‌كان، سێكوچكه‌ی شه‌ڕن له ناوچه‌كه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و سێكوچكه‌ی شه‌ڕه، ده‌یه‌وێت یاری به چاره‌نووسی موسڵمانان بكات.
له دوای وه‌رگرتنی پۆستی شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه، بن سه‌لمان كۆمه‌ڵێك گۆڕانكای له یاسای ئه‌و وڵاته كردووه و ئازادی زیاتر به ژنان دراوه، وێڕای مافی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، چه‌ندین بواری دیكه‌ی نوێی كار به رووی ژناندا كراوه‌ته‌وه له‌و وڵاته.
ا. م