شکۆی تانگۆ لە مەترسیدایە
ئارجێنتینا لە مۆندیالی 2018 چی پێدەکرێت؟
نووسینی: سەردار جەبار
وردە وردە نزیک دەبینەوە لە دەستپێکردنەوەی گەورەترین میهرەجانی وەرزشی لە سەرتاسەری دونیا ئەویش مۆندیالـی هەڵبژاردەکانە، 32 هەڵبژاردە ڕکابەری لەسەر جامێکی زێڕینی 7 کیلۆیی دەکەن تەکان بۆ نووسینەوەی مێژوویەک دەکەن، لەزۆرینەی پاڵەوانەتیەکانیشدا کە باسی مۆندیال دێتە گۆڕی ناوی بەڕازیل و ئەڵمانیا و ئارجێنتین و ئیتاڵیا و ئیسپانیا لەسەر زاری چاودێرانی وەرزشییە، پاڵەوانیەتی ئەمجارەیان لە وڵاتی ڕووسەکان دەبێت چاوەکانیش لەسەر هەڵبژاردەی تانگۆ خاوەن یەکێک لەباشترین یاریزانی مێژوو کە لیۆنێل میسییە، وڵاتی ماڕادۆنا و باتستۆتا و ڕیکێلمی و سیمیۆنی و ساڤیۆلا و ڤیڕۆن و ئایالا دەبێت.
،بەو پێیەی ڕەنگە ئەمە دواگەشتی لیۆ بێت لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بۆ وەشانی 2022 هەڵکشانی تەمەن ڕێگەنەدا کوڕە ئاڵتونیەکەی ڕۆزاریۆ هاوسەفەری هاوڕێکانی بێت بۆ قەتەڕ. بەر لەچەند ڕۆژێک میسی ڕایگەیاند دەیەوێت لەگەڵ ئارجێنتینا جامی مۆندیال بەرێتەوە بۆینس ئایرس و لەوێشدا بە پاس بگەڕێتەوە زێدی خۆی لە ڕۆزاریۆ یەکەم شوێنی دەرکەوتنی ئەو ئەفسانەیە ئاهەنگی سێیەم ناسناوی مۆندیال بگێڕێت، لێ پێشهاتەکان دەریدەخەن خەونەکەی لیۆ ئەمجارەیان خاڵییە، ئارجێنتینا بە دۆخێکی سەخت گوزەر دەکات لەناو پێکهاتەی هەڵبژاردەکەدا ناوی نوێ بەدیدەکرێت کە هەوادارە سەرسەختەکانی تانگۆ هیچ هیوایەکیان بەو کۆمەڵە لاوە نییە تا بتوانن خەونی لەمێژینەی ئەوان ئاواتی چەند ساڵەی لیۆ وەدیبهێنن، ئەنجامەکانی ئەم دواییانەی سەماکەرانی تانگۆ جێی تێڕامانن بە تایبەت دۆڕان بە 6 گۆڵ لەهەمبەر 1 گۆڵ لەبەرامبەر ماتادۆرەکانی ئیسپان، هێرشی بێشووماری ڕۆژنامەکانی جیهانی بەرەو ئارجێنتین پەلکێش کرد دۆخی ناجێگیری یاریزان و ڕاهێنەرەکانی هەڵبژاردەکەی دووهێندە سەختتر کرد. ئارجێنتینا لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشووریش ئاستێکی خراپی نیشاندا، وەک چاودێران ئاماژەی پێدەکەن ئەگەر میسی نەبوایە هەوادارانی تانگۆ بێبەش دەبوون لە سەفەرکردن بۆ ڕووسیا و هاندانی هەڵبژاردەکەیان.
لە پاڵاوتندا لەکۆی 18 یاری 7 بردنەوەی تۆمارکرد و خاوەنی 7 یەکسان بوون و 4 یاری بەشکست تێپەڕانـد ، هێڵی هێرشبردنی هەڵبژاردەکەش لەدوای بۆلیڤیای نۆیەم خراپترین بوو بەو پێیەی تەنها 19 گۆڵیان تۆمارکرد ، 16 جاریش تۆڕەکەیان هەژێندرا بە 28 و بە پلەی سێیەم کەتەنها دووخاڵ لە چیللی خاوەن پلەی شەشەم دوور بوون و دوای هەریەک لەبەڕازیل و ئۆروگوای ەیەوە هاتن ،بەتێکۆشانی گەوهەرە پڕ بایەخەکە کوڕە فریادڕەسەکە کە لیۆ میسییە گەشتنە مۆندیال . ئەو ئاست و ئەنجامەی پاڵاوتنەکان و یارییە دۆستانەکان بەر لەمۆندیال بەتایبەت دۆڕان بە نێجیریا و دۆڕانێکی گەورەش بە ئیسپان هەوادارانی تانگۆ هیوابڕاو کرد و چاودێران و ڕۆژنامەنووسانی وەرزشیش دەڵێن وابڕوا تانگۆ قۆناغی 8 تیپی مۆندیالیش بۆی دەبێتە خەون، لەگەڵ ئەوەشدا ئومێدێکی کەم پشتیوانانی تانگۆ دڵخۆشدەکات ئەویش لیۆنێل میسییە لێ پێناچێت ئەمجارە کوڕەکەی ڕۆزاریش بتوانێت ووڵاتەکەی لەم ناهەموارییە نەجاتبدا .